لە سلێمانی تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند کەسێک گیانی لەدەستداوە، دواتر کە پشکنینیان بۆ کردووە دەرکەوتووە کە کۆرۆنای هەبووە.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە پاڕێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەشداریان تێدا کرد،  د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند" بەداخەوە ئەمرۆ هاوڵاتیەکی تر لەشاری سلێمانی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کۆچی دوایکرد".

 

ئەو وتی" دوای ئەوەی کۆچی دوایی کردووە، پشکنینمان بۆ کردووە دەرکەوتووە کۆرۆنای بووە".

 

لەسەر ژمارەی نەخۆشەکانی وتی " ١١٢ نەخۆشی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەیە، نیوەیان چاکبۆتەوە، دوان مردووە، نەخۆشێکی تریش دوای ئەوەی مردووە، بۆمان ئاشکرابووە کە کۆرۆنای بووە".

ئەو وتی" دۆخی تەندروستی سلێمانی جێگیرە". هەروەها وتیشی" دەبێت تاک پارێزی ئەنجام بدەین و هەر کەسەو ماسک ببەستێت و دەستکێش لە دەست بکات".

 

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە دوو پلانیان هەیە، یەکێکیان بۆ خەڵکە، کە خۆپارێزیە، دووەمیان پلانێکی تەندروستییە، وتیشی " پلانەکەیان خستۆتە بەردەم پارێزگار تا لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری لەسەر بدەین".

 

بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە ٣ کەسە کە هەرسێکیان لە سنوری پارێزگای سلێمانین.



PM:08:45:04/04/2020