بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: هەوڵی رزگارکردنی نەخۆشێکی کۆرۆنا دەدەین کە دۆخی خراپە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، د. سەباح هەورامی رایگەیاند "یەک کەس لەوانەی کۆرۆنایان گرتووە دۆخی باش نییە، لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە و هەموو هەوڵێکمان بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەم هاوڵاتییەیە".

 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەییسبووک، د. سەباح هەورامی نووسیوویەتی" تا ئێستا زۆربەی زۆری نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی تەندروستییان زۆر باشە، تەنیا یەک کەس نەبێت لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایەو، هەموو هەوڵێکمان بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەم هاوڵاتییەیە، خوای گەورە هاوکارمان بێت."

 
هەر ئەمشەو بەڕێوەبەی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند کە هاوڵاتییەک لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی کانی ئاسکان کۆچی دوایی کردووە، دوای لە پشکنیندا ئاشکرا بووە کە کۆرۆناشی هەبووە.

ئەو کەسە نەخۆشی شەکرەشی لەگەڵدا بووە.

 
ژمارەی تووشبوانی سلێمانی ١١٢ کەس بووە، نیوە دەرچووە لە نەخۆشخانە، دۆخی ئەوانی دی باشن، تەنها ئەو نەخۆشە نەبێت کە د. سەباح ئاماژەی بۆ دەکات، هەروەها سێ نەخۆشیش لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆچی دواییان کردووە.

 

 


PM:10:32:04/04/2020