قائیمقامی سلێمانی: پلانێکی گشتگیر بۆ دوای ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی هاتووچۆ دانراوە

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوەو رایگەیاند" لەئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتووچۆ، لە سلێمانی پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە".

 

قائیمقامی سلێمانی ووتیشی" کارکردنی ئەو شوێنانە تەواو جیاواز دەبێت لە شێوازی کارکردنی پێشووترو بە رەچاوگرتنی ھەموو رێنماییە تەندروستیەکان و گرتنەبەری چەند رێکارو رێوشوێنێکی گونجاو رێگە بەکارکردنیان دەدرێت".

 

دەشڵێت" ئەگەر رەوشەکە لەباربێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی نوێ کە دواتر بڵاویان دەکەینەوە رێگەبەکردنەوەی بەشێک لە "مارکێت و دەرمانخانەو نانەواو سەمونخانەکان و عەلوە" دەدرێت".

 

ئاوات محەمەد راشیگەیاند" ھاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە ھەموو بڕیارو رێنماییەکان بەڕەچاوگرتنی مەترسی قۆناغەکە دەدرێن و پاراستنی لایەنی تەندروستی خەڵک لە ئاستێکی باڵادا لە بەرچاو دەگیرێت".

قائیمقامی سلێمانی سوپاسی پابەندبونی بەرچاوی ھاوڵاتیانی سلێمانی دەکات بە قەدەغەکردنی ھاتووچۆ و جێبەجێ کردنی رێنماییە تەندروستەکان و دەڵێت" بە پابەندبونی ئێوەو مانەوەتان لەماڵەکانتان مەترسییەکانی کۆرۆنا زووتر تێدەپەێنین و نزیکتر دەبینەوە لە ئاسایی بوونەوەی ژیان لە ھەرێمی کوردستان".



PM:10:19:05/04/2020