د. هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ " سپی ": لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رێنومای نوێ دەردەکات.. هاوڵاتیان خۆیان کەمامە دروستبکەن

پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند" ئێستا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای هەرێم لە کۆبوونەوەدایە و، رێنومایی نوێ لەسەر رێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ دوای کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ دەردەچێت"، وتیشی "ئێمە پێشنیاری خۆمان ئاراستەی لیژنەی باڵا کردووە".

 
 لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی " سپی "، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەردەوام دەبێت، وتیشی" ئێستا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەدایەو رێنومای تازە دەردەکات بۆ ئەو ماوەیە کە لەقەدەغەکردنی هاتوچۆ ماوە".


هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی " ئێمە پێشنیاری خۆمان ئاراستەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کردووەو لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا رێنومایی نوێ دەردەچێت".


پەیجەکانی " سپی " لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راپرسیەکی لەسەر هەنگاوی نوێی پارێزگای سلێمانی کردبوو کە خۆی لە ( تاک پارێزی ) دەبینێتەوەو دەبێت هاوڵاتیان دەمامک ببەستن و دەستکێش لەدەستبکەن، ژمارەیە زۆر لەهاوڵاتیانی بەشداربووی ئەو راپرسیە باس لەوە دەکەن کە توانای مادیان نییە کەمامە بکڕن، دەربارەی ئەو پرسیارە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت" ئێمە وەک پارێزگاری سلێمانی توانیمان پێداویستیەکانی خۆ پارێزی لە  کەمامەو دەستکێش بۆ هەموو ئەو کەرتانەی لەکاردان وەک هێزەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە، یەکە ئیداریەکان و زۆر ناوەندی تری حکومی کە لەکاردان دابین بکەین، هەروەها لە هەماهەنگیداین لەگەڵ چەند کۆمپاناییەک کە سەرقاڵی ئەوەن دەست بکەن بەپرۆژەی دروستکردن کەمامەو دەستکێش".

 
پارێزگاری سلێمانی لە درێژەی وەڵامەکەیدا داوا لە خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات کە خۆیان وەک زۆر بواری تر دەستپێشخەری بکەن و کامامە دروستبکەن بۆ خۆیان.


 کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (٢٣٣) تووشبوو، لەنێویاندا (٣) مردن هەیە و (٨٥) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

 


PM:12:17:06/04/2020