بارزانی پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی‌ ده‌كات


ئەمڕۆ یەكشەممە 11/5/2014 لە سەلاحەدین، مسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە كە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كۆبوونەوكە بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە و باس لە رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەگشتی كراوە. هەروەها پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی 30ـی نیسانی 2014ـی عێراق و هەرێمی كوردستان و داهاتووی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنەكان خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ.

لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە، كە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر ئەگەرەكانی داهاتووی عێراق و پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان یەكهەڵوێست بن.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باسی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی 30ـی نیسانی 2014 لە هەرێم كراوە و بارزانی پیرۆزبایی لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كردووە و خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر پێشكەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا دەربڕیوە.

سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەرچی زووترە كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت و هەموو هێزە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستانیش بەشداریی لەو كابینەیەدا بكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی باڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جەختیان كردووەتەوە، كە یەكێتی لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق و دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە پێویستی دەزانێت كە هەموو لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بن و، جەختیشیان لەوە كردووەتەوە كە پێویستە بەزووترین كات كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەرێت، بۆ ئەوەی هێزە كوردستانییەكان خۆیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عیراق ئامادەبكەن.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە راوێژ و راگۆڕینەوە سەبارەت بە كێشەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستان. هەروەها گۆڕانكارییە نوێیەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەكەش باسیان لێوەكراوە.



PM:06:12:11/05/2014