نوێترین زانیاری لەبارەی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە



وتەبێژی‌ ژووری‌ ئۆپراسۆنەكانی‌ هەولێر ئاشکرای دەکات قەدەغەی‌ هاتوچۆ بەمشێوەیەی‌ ئێستا كە هەیە درێژدەكرێتەوە.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دا، هێمن قادر، جێگری‌ پارێزگاری‌ هەولێر و وتەبێژی‌ ژووری‌ ئۆپراسۆنەكان رایگەیاند" پێم وایە قەدەغەی‌ هاتوچۆ بەمشێوەیەی‌ ئێستا كە هەیە درێژدەكرێتەوە و ئەو شوێنانەشی‌ كە پێشتر رێگە بە كردنەوەیان دراوە هیچ بڕیارێك نەدراوە جارێكی‌ دیكە دابخرێنەوە، هەروەها رێكارەكانی‌ خۆپارێزی‌ وەك خۆی‌ دەمێنێتەوە و كاریان پێدەكرێت".


وتەبێژی‌ ژووری‌ ئۆپراسۆنەكان رایگەیاند "وەك پارێزگاری‌ هەولێر چەندین پێشنیازمانكردووە بۆ وەزارەتی‌ ناوخۆ و لە ئێستادا چاوەڕێی بریار و بەیاننامەی‌ ئەوانین لە بارەی‌ درێژكردنەوەی‌ قەدەغەی‌ هاتوچۆ".


هێمن قادر، لەبارەی دەوامی فەرمانگەکان روونکردنەوە دەدات و دەڵێت "بڕیاری‌ دەستپێكردنەوەی‌ دەوامی‌ فەرمانگەكان لە دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە و ئەمرۆ یان سبەینێ ئەو بڕیارە دەدرێت".
 


PM:07:27:30/04/2020