مالکی دەنگ بە کابینەکەی کازمی نادات



لەبەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند " سەرەڕای هەوڵ و کۆششی قەوارە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ڕووداوەکان بە پێچەوانەی ئەوە دەڕۆن، کە لە دانوستاندنانەکاندا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە".


لەو بەیاننامەیەدا کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، دەوڵەتی یاسای بەسەرۆکایەتی نوری مالکی دەڵێن ”لە میانی دانوستاندنەکاندا ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان بۆ حکوومەتی نوێ کراوە، بەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بە یەک میتۆد مامەڵە لەگەڵ تەواوی قەوارە سیاسییەکاندا بکات، بەڵام ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەت بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە دەڕوا، کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە“.


سەرەڕای دەنگ پێنەددانی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە باس لەوەش دەکات کە ئەوان هەوڵی بەردەومدا دەبن، بۆ ئەوەی لەگەڵ قەوارە سیاسییەکاندا، ئاراستەکە ڕاستەڕی بکەنەوە و ئەو کەسانە کاندید بکەن، کە لێهاتوو و پاک و خاوەن تواناکانی سەرکردایەتیکردن بن.

 
ئەوەش دەخەنەڕوو”بەداخێکی زۆرەوە، ئەو پێکهاتە حکوومییەی کە بەڕێزی ڕاسپێردراو خستوویەتیە ڕوو، دژی خواست و هیواکانی ڕۆڵەکانی گەلی عێراقە، چونکە بەربژێرەکان هیچ کام لەم تایبەتمەندییانەی لێهاتوویی و پاکییان تێدا نییە و قبووڵ نەکراون“.


هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یاسا لە کاردانەوەی ئەم هەڵوێستەی کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهینانی حکوومەت و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان، بەشدارینەکردنی لە حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: ”لەسەر ئەو بنەمایە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، کە بەشداریی ئەم حکوومەتە ناکات و لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی پێ نادات و بژارەکەش بۆ ئەندامەکانی دیکەی ئەنجوومەن جێ دەهێڵێت، بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لە بارەوە بدەن“.




PM:03:48:03/05/2020