سبەی شەو دوای بەربانگ دەنگ بە کابینەی کازمی دەدرێت

بڕیارە سبەی شەو سێشەممە ٥ ی ئایار، دوای بەربانگ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی کازمی کۆدەبێتەوە.


ماڵپەڕی خەندان نزیک بەرهەم ساڵح بڵاویکردۆیتەوە، " سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی عێراق كردوە و پەرلەمانتاران ئاگاداركراونەتەوە بە دانیشتنی دەنگدان بە كابینەی مستەفا كازمی، كە سبەی سێشەممە كاتژمێر ٩ی شەو لە دوای بەربانگ بڕیارە دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت"


هەروەها هاتووە " تاكو ئێستا ٢٠٩ پەرلەمانتار بەدەم ئاگاداركردنەوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە چون و ئامادەییان دەربڕیوە كە بەشداری دانیشتنەكە بكەن و دەنگ بە كابینەكەی كازمی بدەن".


ئەو سەرچاوەیە وتیشی،"هەوڵەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەردەوامە و چاوەڕێ دەكرێت ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبو كە پاڵپشتی كازمی دەكەن بۆ 258 پەرلەمانتار بەرزببێتەوە"


ئەو ماڵپەڕە بڵاویکردۆتەوە، "لەكۆی 329 ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا تەنها 24 پەرلەمانتار بەشێوەیەكی فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردوەتەوە كە بڕیاریانداوە بەشداریی دانیشتنی متمانەدان بە كابینەكەی مستەفا كازمی نەكەن و بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن."
 


PM:07:42:04/05/2020