قادری حاجی عەلی: ئەم دەسەڵاتە لە شکستێکەوە دەمانداتە دەست شکستێکی تر

دوای بێدەنگیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی دیاری کوردسان، قادر حاجی عەلی دەڵێت " نزیكەی سی ساڵە، زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس، باجی شكست و چاوچنۆكی و نابەرپرسیارێتی،  پێنج شەش كەسە دەدەن".

 
لە نووسینێکی نوێی بەناونیشانی " چاری بكەن تاهەناسەیەكی تیاماوە"، قادری حاجی عەلی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین دەڵێت " لەدەیەی سێیەمی حوكمڕانی كوردی نزیك دەبینەوەو، لەشكستێكەوە دەماندەنە دەست شكستێكی تر. نزیكەی سی ساڵە، زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس، باجی شكست و چاوچنۆكی و نابەرپرسیارێتی،  پێنج شەش كەسە دەدەن، نە گوێیەكیان هەیە بۆ بیستن، نە باكیشیان هەیە بە كەوتن."

 
لە درێژەی نووسینەکەیدا ناوبراو دەڵێت" دەستبردن بۆ نەوت، بەناوی سەربەخۆكردنی ئابورییەوە، كوردستانی دووچاری ڕۆژێكی تاریك و بێ ئاسۆ كردووە، دوای چەندین ساڵ لە فرۆشتنی نەوت و بانگەشەی چوونە سەر نەخشەی وزەی جیهان، دەستە نا ئەمنیەكان بوونە ملیاردێرو، میللەتیش هەژارو نەبوو و بێدەرەتان كەوت".


قادری حاجی عەلی پێیوایە کە ئابوری کوردستان بەمزوانە بەرەو باشی و جێگیربوون ناڕوات و، دەڵێت" پێناچێت ئابوری كوردستان بەمزوانە بەرەو باشی و جێگیربوون بڕوات، پێگەی سیاسی هەرێمیش لەبەرامبەر بەغداد لەدۆخێكدایە كەس بەخیلی پێنابات. حكومەت مووچەی پێنادرێ، دەوڵەتداری پێناكرێ، غەیری شیعارات و یەكتر تەخوینكردن، حیكایەتێكیان نەماوە بۆ خەڵكی بكەن".

 
لە کۆتاییدا قادری حاجی عەلی باس لەچارەسەر دەکات پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتداران دەستبکەن بە گیرفانیان و پارەی دزراوی خەڵک بگێڕنەوە "ئەگەر دەسەڵاتداران ئەیانەوێت بارودۆخەكە لەوە ئاڵۆزتر نەبێت و، لەدەست دەرنەچێ، ئەوا چاریان نییە جگە لەوەی دان بەشكستی خۆیاندا بنێن و، دەستیش بكەن بەگیرفان و ژمارەی بانكەكان و پرۆژەكانیانداو پارەی دزراوی خەڵك بهێننەوە".

 


PM:10:31:04/05/2020