مەسعود بارزانی داوا لە گشت لایەنەکان دەکات لەبری یەکتر شکاندن، پێکەوە چارەسەری گرفتەکان بکەن

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە لە پەیامێکدا داوا لە گشت لایەك دەكات لەبری یەكترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكەوە و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك و نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم گەلی كوردستان هاوكاری یەكتر بن، و دەڵێت " ئەوە چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەرچی دەستكەوت و سەركەوتنی گەلی كوردستانیش هەبووە لە سایەی یەكڕیزی و هەست بە بەرپرسیارێتی لایەنەكان هاتووەتە كایەوە'.

 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق بە گشتی و موسڵمانانی كوردستان بە تایبەتی دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەروەها كارمەندانی دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكانی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەكەم كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان زەحمەت و شەونخونیی زۆریان بینیوە.


بەداخەوە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و قەیرانە سیاسییەكانی عێراق و دۆخی خەراپی ئابووریی ناوخۆیی و جیهانی، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی ناهەموار و هەستیار و لەبەردەم تەحەددیاتی تازەدایە. جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكەم، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگەی تەبایی و برایەتی و یەكڕیزی بگرنە بەر. داوا لە گشت لایەك دەكەم لەبری یەكترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكەوە و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك و نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم گەلی كوردستان هاوكاری یەكتر بن. ئەوە چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەرچی دەستكەوت و سەركەوتنی گەلی كوردستانیش هەبووە لە سایەی یەكڕیزی و هەست بە بەرپرسیارێتی لایەنەكان هاتووەتە كایەوە. لەوەیش دڵنیام كە گەلی كوردستان پشت بە خودای گەورە بە سەربەرزییەوە ناخۆشی و قەیرانەكان تێدەپەڕێنێت.


لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئەو جەژنە ببێتە مایەی كۆتایهاتنی تیرۆر و نەخۆشی و نەهامەتییەكان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.


مسعود بارزانی


30ـی ڕەمەزانی 1441ـی كۆچی


23ـی 5ـی 2020ـی زایینی

 


PM:03:25:23/05/2020