فرسەت سۆفی: روبەروی هەموو ئەوانە دەبینەوە كە بیانەوێت سەقامگیری هەولێر تێكبدەن

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت" روبەروی هەموو ئەوانە دەبینەوە كە بیانەوێت سەقامگیری هەولێر لەژێر هەر ناونیشانێكدا بشێوێنن".

 

دوای سەردانی بۆ لای پارتی پارێزگاران، فرسەت سۆفی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند" حكومەتی هەرێم نەدەكرا لەوە زیاتر دوكان و بازاڕ و كار و كەسابەتی خەڵك رابگرین، چونكە برسێتی هیچی كەمتر نییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە كە ئێستا بازاڕ و شوێنە گشتییەكان كراونەتەوە، مەترسی خێراتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە زیاترە، لە كوردستانیش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت بۆیە دەبێت هاوڵاتیان لە ماڵەوە خۆیان بپارێزن".

 

پارێزگاری هەولێر وتیشی" پایتەختی هەرێم زیاتر لە 34 كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی تێدایە، ئێرە ناوەندێكی سیاسی و ئابوری و بازرگانی گەورەیە لە عێراق و لە ناوچەكەش، ئێرە شوێنێكە كە پێویستە ئێمە وەكو ئیدارەی پارێزگا و هەمو لایەنە سیاسییەكانیش وەكو چاوی خۆیان سەقامگیری و ئاسایشی پایتەخت بپارێزن".

 

ڕاشیگەیاند" ئێمە وەكو لیژنەی ئەمنی پارێزگا، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئەم شارە هەمو رێككارێكی یاسایی دەگرینە بەر، رێگەش نادەین هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناونیشانێك، یان خۆشاردنەوە لەژێر ناونیشان و كێشە و گیروگرفتی هاوڵاتیان بیەوێت سەقامگیری ئەم شارە تێكبدات، ئەگەرنا ئێمە باوەڕمەندین بە هەمو ئازادییەكان، ئازادی رادەربڕین ئازادی خۆپیشاندان و هەمو شێوازەكانی، بۆ ئەمەش كات و سات و میكانیزمی خۆی هەیە. بۆیە هەر لایەنێكی ناوخۆی  و دەرەكی هەوڵی تێكدانی سەقامگیری هەولێر بدات، رێككاری یاسایی لە دژی دەگرینە بەر، هێزو لایەنە سیاسییەكانیش هەمویان پشتیوانمانن".

 
 
 
 


PM:02:02:28/05/2020