د. فواد حسێن چۆن پۆستی وەزیری دەرەوەی پێدرا؟
( سپی ) زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ ٦ ی حوزەیران پەرلەمانی عێراق دەنگی بەو ٧ کاندیدەی مستەفا کازمی  دا، لە نێوایاندا د. فواد حسێن لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا بە وەزیری دەرەوەی عێراق، ماڵپەڕی ( سپی ) زانیاری ورد لە بارەی هەڵوێستی مەسعود بارزانی لەبارەی وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڵاودەکاتەوە.

 

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی (سپی )، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سوور بووە لەسەر دانانی د. فواد حسێن وەک وەزیری دەرەوەی عێراق.

 

دەربارەی چۆنێتی و ئاستی سووربوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەر دانانی د. فواد حسێن، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە، مەسعود بارزانی سەرەتا بە مەکتەبی سیاسی پارتی راگەیاندووەو، دواتریش بە سەرکردە عێراقییەکان کە ئەگەر د. فواد حسێن دانەنرێت بۆ وەزارەتی دەرەوە، ئاوا پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەکشێتەوە.

 

سەرەتا هەڵوێستی هەندێک لە سەرکردە شیعەکانی عێراق بەرامبەر د. فواد حسێن باش نەبووە، بەلآم دواتر کە هەستیان کردووە هەڵوێستی مەسعود بارزانی جدیە و پارتی ئامادەیە بەرامبەر دانەنانی فواد حسێن بە وەزیری دەرەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێنەوە، سەرکردە شیعەکان رەزامەندیان پێشان داوە کە لە پەرلەمان کاندیدەکان و بەتایبەتیش د. فواد حسێن تێپەڕێنرێت.

 

دانانی فواد حسێن بە وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتێکدایە کە لە کابینەکەی کازمی دا بەهیچ شێوەیەک وەزیری کابینەیەکەی پێشووی د. عادل عەبولەمەهدی تێدا نییە.

 

بەپێی زانیاریەکانی ( سپی ) بۆ ماوەیەک ناوی بەیان سامی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا وەک کاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق دەهات لەگەڵ فواد حسێن، بەلآم مەسعود بارزانی فواد حسێنی پێ باشتربووە، ئەمە جگە لەوەی بەیان سامی عەبدولرەحمان زمانی عەرەبیش نازانێت و گونجاو نییە سیاسیەک وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی وەک عێراق بێت و عەرەبی نەزانێت.

 

ئەمڕۆ ٦ ی حوزەیران پەرلەمانی عێراق دەنگی بە د. فواد حسێن و شەش وەزیری تر دا، بەمەش کابینەکەی مستەفا کازمی بەتێکڕای وەزیرەکانی متمانەی تەواوی پێدرا.



PM:06:05:06/06/2020