قائیمقامی سلێمانی: دۆخەكە پێویستی بە خۆپارێزی و تاك پارێزی هەیە


قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت" دۆخەكە وادەخوازێت ئاستی خۆپارێزی و تاك پارێزی بەرز بكەینەوە و خۆمان و كەسوكار و خۆشەویستانمان بپارێزین‌". 

لەدیوانی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئاوات محەمەد بە ئامادەبونی لیژنە هاوبەشەكان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە سیتییەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون، مەلەوانگە و هۆڵەكانی وەرزش، كافتریا و چێشتخانە، میوانخانە، ئوتێل و مۆتێل، سەتاشخانە و ئارایشتگاكان، نانەوا و فڕنی سەمونخانەكان، بەنزینخانە و پیشە جیاوازەكان كۆبووەوە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ڕایگەیاند" بەهۆی زۆربونی ژمارەی تووشبوون و خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، دۆخەكە وادەخوازێت ئاستی خۆپارێزی و تاك پارێزی بەرز ببێتەوە و لە هەموو شوێنێك خۆمان بپارێزین‌، باشترین ڕێگەش بۆ خۆپاراستن جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی تەندروستی و بەكارهێنانی دەستكێش و دەمامك‌ و دروست نەكردنی قەرەباڵغییە‌".

وتیشی" مرۆڤایەتی رووبەڕووی دەردێكی كوشندە بۆتەوە، بەداخەوە هەرێمی كوردستان ئێستادا لە قۆناغێكی مەترسیدایە، سروشتی ڤایرۆسەكەش بەجۆرێكە تەندورستی هەموومان بەستراوەتەوە بەیەكەوە بۆیە پێویستە خۆمان و كەسە نزیك و خۆشەویستەكانمان بپارێزێن تا بتوانین بەهەموو لایەكمانەوە بە كەمترین زیان لەم دۆخە دەربازبین". 

ڕاشیگەیاند" پێیوستە خاوەنی شوێنەكان دەرمانی پاكژكەرەوە و دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنن لەگەڵ دانانی شریتی قەدەغەكردنی چونە ژوورەوەی كڕیاران بۆ شوێنەكانیان و ڕێگریكردن‌ لە دروستكردنی قەرەباڵغی بكەن، هەر هاووڵاتییەكیش دەستكێش و دەمامكی نەبەستبوو نەهێڵن بچێتە شوێنەكەیان". 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەركە سەرەكیەكە، كە لە ئەستۆی هەموومانە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و سەركەوتنە بەسەر نەخۆشیەكەدا، بۆ ئەو مەبەستە و ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باشترین خۆپارێزی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزییە لە فەرمانگەكان و بازاڕ و شوێنەكان.

ئاوات محەمەد، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ڕاسپارد بەشێوەیەكی بەردەوام شەو و ڕۆژ بخەنە سەریەك بۆ سەردان و پشكنینی هەموو ئەو شوێنانەی هاووڵاتیان بۆ كڕینی كاڵاوشمەك و پێداویستی ڕۆژانە رووی تێدەكەن، لەكاتی هەبوونی سەرپێچی لە ڕێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزی، شوێنەكە و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی رێكاری یاسایی توند بكەنەوە.

PM:06:05:09/06/2020