فەڕەنسا سەرکەوتنی بەسەر کۆرۆنا راگەیاند

سەرۆکی فەڕەنسا سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا راگەیاند، دوای ئەوەی نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها رایگەیاند، رێوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە کەم دەکرێنەوە و دوبارە قاوەخانە و چێشتخانەکانی پاریس دەکرێنەوە.

 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند" بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا هێشتا تەواونەبوە، بەڵام دڵخۆشم بە یەکەمین سەرکەوتنی وڵاتەکە بەسەر ڤایرۆسەکەدا".

وتیشی" لە ئەمڕۆوە هەمو خاکەکانی فڕەنسا جگە لە مایۆت و گوایانا کە هێشتا ڤایرۆسەکە تیایاندا چالاکە، دەخرێنە ناوچەی سەوزەوە، ئەوەش رێگە دەدات هاوڵاتیان بچنەوە سەر کارەکانیان و قاوەخانە و چێشتخانەکانی پاریس دووبارە بکرێنەوە، بڕیاریشە لە ٢٢ی حوزەیران قوتابخانەکان بکرێنەوە". 

ماکرۆن باسی لەوەشکرد، هیچ شتێک نیە شەرمی لێبکەن لەو ئەنجامەی پێیگەیشتون، ئەو قسانەی سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوە دێت تا ئێستا چەند جارێک ڕەخنە لە حکومەتەکەی گیراوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانەکەدا.

 


AM:10:27:15/06/2020