تەندروستی هەرێم: لەماوەی هەفتەیەکدا سێ جار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە بارەی هێرشکردنە سەر پزیشک و کارمەند و نەخۆشخانەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمین جار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشە و سووكایەتی كردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە دواترینیان دوێنێ شەو بوو".

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەروەك هەمو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخونی بەردەوامن، وەك سەربازی ون چاونەترسانە بونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی، جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەمو خزمەت و ماندوبونەدا،  چەندین حاڵەتی توشبوی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمارکراوە. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە: بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمین جار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.

 

هاوکات لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکردوە" بۆ رای گشتی ڕایدەگەیەنین کە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان موڵکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندوبونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دوبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان".

 

وەزارەتەکە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکات کە هەمو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی هەر جۆرە روداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی، بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان. 

وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاوڵاتییان دەکات خۆیان بە دوربگرن لە هەڵچون و هەمو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکات، "ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە روانگەی هەستکردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان کەئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی کوردستان".

 
 
 
 


PM:03:58:21/06/2020