بۆ پشتیوانی جوتیاران ژووری بازرگانی ١٢٥ تۆن پەتاتە دەکڕێت

بۆ زیاتر پشتیوانیکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکانی جوتیاران و ساغكردنەوەیان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای کڕینەوەی بەرھەمە کشتوکاڵیکان دەکات لەلایەن بازرگانانەوە وەک ھاوکاریەک و پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران.

 

سیروان محەمەد، سەۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەکۆبونەوەماندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای وەرزیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بڕیارماندا وەک پشتیوانییەک لەبەرھەمی ناوخۆی جوتیاران ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەڵدەستێت بەکڕینەوەی ١٢٥ تۆن بەرھەمی پەتاتە".

 

هاوکات سەۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا لە تەواوی بازرگانان و سەرمایەداران و کەسانی خەمخۆری شاری سلێمانی دەکات ھەرکەسەو لای خۆیەوە ھەستێت بە کڕینەوەی جۆرێکی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی.

 

سیروان محەمەد وتیشی" کڕینەوەی ئەو بەرھەمانە دوو ئامانجی  ھەیە یەکەمیان پشتیوانیەکی گەورەی جوتیارانە دووەم ھاوڵاتیانی کەم دەرامەت سودی لێوەردەگرن و دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەو خێزانانەی توانای کڕینی ئەو بەروبومانەیان نییە". 

 

ئەم پێشنیارەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پاش ئەوەدێت کە جوتیاران نیگەرانی خۆیان پیشاندا بەساغ نەبونەوەی بەرھەمەکانیان و نەبونی پشتیوانی پێویست لە بەرو بومەکانیان.



AM:10:57:10/07/2020