فرۆکەخانەی سلێمانی دەبێتە یەکێک لە فرۆکەخانە گەورەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست

لەرێگەی چەند پرۆژەیەکی وەبەرھێنانەوە فرۆکەخانەی سلێمانی، گەشەی پێدەدرێت چاوەڕوان دەکرێت فرۆکەخانەکە ببێتە بەندەری گواستنەوەی شمەکی رۆژھەڵاتی ئاسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا‌و ببێته یەکێک لە فرۆکەخانە گەورەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی SNN کۆمپانیای گۆڵف مار، مۆڵەتی دوو پرۆژەی وەبەرھێنانی بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی لە حکومەتی ھەرێم وەرگرتووە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی ئەو دوو پرۆژەیە فرۆکەخانەی سلێمانی گەشەکردنێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و فرۆکەخانەکە ببێتە یەکێک لە فرۆکەخانە گەورەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست.

یەکێک لە پرۆژەکان دروستکردنی تیرمیناڵێکی نوێییە بۆ فرۆکەخانەکە کە ھەشت گێت(( دەروازە)) لەخۆی دەگرێت  و ئێستادا کۆمپانیاکە مۆڵەتی دروستکردنەکەی وەرگرتووە و پرۆژەکە بەشێوەی وەبەرھێنان جێ بەجێ دەکرێت
پرۆژەکە لەسەر رووبەری ٥٠٠ ھەزار مەتر دووجا  دروست دەکرێت،   کە پێک دێت لەم بەشانە: شوێنی وەستانی فرۆکە لەسەر
رووبەری ٩٥ ھەزار مەتردووجا کە لەیەک کاتدا جێگەی ١٢ فرۆکە دەبێتەوە.

تێرمیناڵێک لەسەر رووبەری ٤٠ ھەزار مەتردووجا کە ساڵانە ٢ ملیون و نیو گەشتیار دەتوانن گەشت بکەن تیایدا   و بەشێوەیەکی مۆدێرن و  بەستانداردی جیھانی  دیزاین کراوە و شوێنی ھاتوان و رۆیشتوان و بازاری ئازادو چەندین کافتریاو رێستۆرانت لەخۆی دەگرێت.

ھەروەھا پرۆژەیەکە  ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەی تێدا دروست دەکرێت  بۆ ئەوکەسانەی کە ترانزێتیان ھەیە یان ھەرکەسَک بیەوێت لەو ھۆتێلەدا بمێنێتەوە.

سەرجەمی تێچووی پرۆژەکەش بە ٢٥٠ ملیون دۆلار خەمڵێنراوە و بریارە لەماوەی ٣ ساڵدا تەواو بکرێت. بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش فرۆکەخانەی سلێمانی دەچێتە ریزی فرۆکەخانە گەورەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

چاوەڕوان دەکرێت  تەواو بوونی ئەو دوو پرۆژەیە کاریگەریەکی گەورە بکاتە سەر رێژەی گەشەی فرۆکەخانەی سلێمانی وئابوری ناوچەکە گەشەیەکی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت  جگەلە رەخساندی ژمارەیەکی زۆر ھەلی کار.



PM:02:51:22/05/2014