مامۆستایەکی زمانی کوردی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپا

زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دەزگایی دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

 

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، حەوت مانگ دوای ئازادبونی بە شێوەی کاتی، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرپەرشتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ دژ بە ئاسایشی وڵات، بەسەریدا سەپێندراوە.

 

ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد" دوێنێ سێشەممە ئەو سزایە بە پارێزەری زارا بە ناوی دوکتور عەبدوڵڵاهی راگەیەندراوە، ١٠ ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ لە کاتێکدایە بە سەر زارا سەپێدراوە کە ئەو تەنها بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژینە و ئەو ئەنجومەنە لەو تاوانانە بێبەری کراوە". 

 

زارا محەمەدی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٩ دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە کەفالەتی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 

زارای تەمەن ٢٨ ساڵ لەدایکبوی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە، ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەوروبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و شەش ساڵ پێش ئێستا یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە وەک سەرۆکی رێکخراو هەڵبژێردراوە.


ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنە، کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەک سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.



AM:10:01:15/07/2020