لە بارەی رادەستکردنەوە کچەکەی خێزانی ساڵح موسلێم
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

لەبارەی رادەستکردنەوە برازایەکی ساڵح موسلێم  کە پێشتر شەڕڤان بووە لە رۆژئاواو دواتر هاتۆتە هەرێم کوردستان رادەستی تورکیا کراوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوەو، میدیاکانی پارتیش ڤیدیۆیەکی ناو تورکیا بڵاودەکەنەوە کە ئەو کچە بەدەست هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوەیە، بەلآم قۆڵ بەست نەکراوە.

 
لەو راگەیاندراوەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێن" ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە ".

 
لە درێژەی روونکردنەوەکەدا هاتووە " دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لە گەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەکەن.  رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی کردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە".


بەرامبەر ئەو روونکردنەوەیە، کەسوکاری دالیا کە برازای ساڵح موسلیمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە هەرێمەوە رادەستی تورکیا کراوەتەوە.
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ:..


دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایا کەسێک بە ناوی ( دالیا مەحمود موسلیم ) لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە . بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە .


دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لە گەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەکەن.  رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی کردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.


ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لە جیاتی تۆمەت بە خشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ڕیزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە ڕێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.


دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن.  هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش ،هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی .


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان


2020/7/20

 


PM:12:45:20/07/2020