میدیاکانی ئێران رایانگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو سیخوڕەدا جێبەجێکرا کە زانیاری دەربارەی جوڵەکانی قاسم سولەیمانی بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دابوو".
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە بەیانی ئەمڕۆ مەحمود موسەوی مەجد، ئەو كەسەی بە تۆمەتی ھاوكاری كردنی ئاژانسە ھەوڵگرییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەستگیر كرابوو لە سێدارە درا.
مەحمود موسەوی مەجد، یەكێك لە فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەكانی سوپای پاسداران بوو، ھاوكات نزیك بوو لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەك میدیاكانی ئێران دەڵێن" ئەو سیخوڕە شوێن و كاتی ھاتووچۆ و مانەوەی سولەیمانی بۆ ئەمریكییەكان ئاشكرا كردووە و دەستی ھەبووە لە تیرۆری سولەیمانیدا".
سێی کانونی دوەمی ئەمساڵ بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.