حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بەیاننامەیەك لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە

حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لەبارەی یەكەمین فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراو لەرێگەی هێڵی بۆریەوە، بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوەو داوا دەكات بەرپرسانی رێكخراوی بە بازاڕكردنی نەوتی عێراقی فیدراڵ (سۆمۆ) چاودێری پرۆسەكە بكەن.

دەقی بەیاننامەكەی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم:
هاوتا لەگەڵ جێبەجێكردنی سیاسەتیدا بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عیراقی ساڵی 2005 و یارمەتیدانی عیراق لە هێنانەدی ئامانجەكانیدا لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهاتی نەوتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسا بەجێبەجێكردنی یەكەمین فرۆشتنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان كە لە رێگای هێڵی بۆریەوە گەیاندراوەیە بەندەری جیهان.
بارهەڵگرێك كە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیلی نەوتی خاوی هەڵگرتبووە و شەوی رابردوو لە بەندەری جیهانەوە بەرەو ئەورووپا نێردرا.  ئەمەش دەستپێكی زنجیرەیەكە لەو جۆرە فرۆشتنەی نەوت كە لە رێگەی بۆریە تازە دروستكراوەكەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەدەكرێت.
داهاتەكانی ئەم هەناردەیە لە حیسابێكی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت لە هالك بانك - Halkbank لە توركیاو وەكو بەشێك لە ئیستیحقاقی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دابەشكردن و هاوبەشیپێكردنی داهاتەكانی عیراق بە ڕێژەی دیاریكراوی خۆی بە پێی دەستووری ساڵی 2005 مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونی عیراق بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، پێنج لەسەدی داهاتی ئەم فرۆشانە لە حیسابێكی جیا دادەنرێت بۆ ئەو قەرەبوە نێودەوڵەتیانەی كە عیراق لەسەریەتی بیدات.
لە سۆنگەی پابەندبوونی بە پرسی شەفافیەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە رێكخراوە سەربەخۆیە نێودەوڵەتیەكانی كردووە چاودێری پرۆسەی فرۆشتن و هەناردن بكەن و هیواش دەخوازێت بەرپرسانی رێكخراوی بە بازاڕكردنی نەوتی عیراقی فیدراڵ (سۆمۆ) داوەتی حكومەتی هەرێم قبووڵ بكەن بۆ چاودێری پرۆسەكە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپیادەكردنی مافەكانی خۆی بەردەوام دەبێت لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە  رێكخراوی سۆمۆ، بەڵام پابەندی و نیازپاكی خۆیشی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا دووپات دەكاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی تەواو لەبارەی پرسی نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.
حكومەتی هەرێم بە بێ هیچ وەستانێك لەگەڵ شەریك و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتیەكان لە كار بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی رێگای نوێ بۆ گەشەسەندن و پێشكەوتنی ئابووری بۆ گەلی كوردستان و عیراق، وەهەروەها ئامادەیە ببێتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو وسەقامگیر بۆ وزە بۆ دراوسێكانی و بازاڕە نێودەوڵەتیەكان.



AM:11:06:24/05/2014