ئەندامێکی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو وەڵامی وەزیری ناوخۆی هەرێم دەداتەوە

عومەر عەبدولعەزیز ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان وەڵامی وەزیری ناوخۆ دەداتەوە و دەڵێت" كە جەژنە پیرۆزە لە موسڵمانانی بێ جەژنانەی وڵات ناكەیت، قسە لە پێویستنەبوونی مەراسیمی جەژنەكەش مەكە". 

 

ده‌قی نووسینه‌كه‌ی:


ستۆپ وەزیری ناوخۆ!

 
تكایە قسە لە بابەتێك مەكە كە لێی نازانی. ڕۆژانی جەژن لە ڕۆژە پیرۆزەكانی خوان (أیام الله)ن، حەج بكرێ و نەكرێ دەبێت ڕێز لەو ڕۆژانە بگیرێت، چونكە بە پێی دەقە ئیسلامییەكان (تەعەببود)یان پێوە دەكرێت. نەك هەر ئەوە، بەڵكو دەبێت ڕێز لە هەستی جەماوەری موسڵمانی كوردستانیش بگیرێت، كە چركە دەژمێرن تا (نۆمینەی حاجییان) بێت و دەست بكەن بە ڕۆژووگرتن و كارە چاكەكان. تۆ پێت وایە لە جەژندا چی دەكرێت و چ مەراسیمێك دەكرێن تا پێویست نەبن (وەك لە لێدوانێكدا وتووتە)؟. لە تۆ وایە ئەوەی ڕۆژانە لە یانەكانی شەوان و باڕەكان و مەیخانەكان و نێرگەلەخانەكان دەكرێن ئاسایین، بەڵام هەرچی لە چەند ڕۆژێكی جەژندا بكرێت، قەیران و گرفت دروست دەكات..؟!

 

بەڕیز وەزیری ناوخۆ! كە جەژنە پیرۆزە لە موسڵمانانی بێ جەژنانەی وڵات ناكەیت، قسە لە پێویستنەبوونی مەراسیمی جەژنەكەش مەكە. بیرت نەچێت ڕۆژانی جەژن وەرزی عیبادەتگەلێكی تایبەتن، نەك مەراسیمێك كە من و تۆ بڕیاری كردن یان لابردنیان بدەین. ئەوە باڕو یانەو مەیخانەكانن كە بە شێوەی ئۆتۆماتیكیی لە جەژنەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریدا دادەخرێن و بازاڕیان نامێنێت، نەك مزگەوتەكان و ماڵە پڕخێرەكانی جەژنان.

 

عومەر عەبدولعەزیز

ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو



AM:10:54:23/07/2020