وەزارەتی پەروەردە بڕیاری مۆڵەتی بێ‌ مووچە بۆ مامۆستایان دەردەكات

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە پێدانی مۆڵەتی بێ موچە بە مامۆستایانی هەردو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی و بەگوێرەی فەرمانەكە دەبێت لەدوای 20/12/2015ەوە مۆڵەتی بێ موچەی لە دوساڵ تێپەڕنەبوبێت.

 

لە نوسراوێكدا، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتی بێ موچەی بە مامۆستایانی هەردو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی دەركرد و رایگەیاند، لە بەرواری 30/8/2020ەوە مامۆستایان دەتوانن داوای مۆڵەتی بێ موچە بكەن، بەڵام نابێت لەدوای 20/12/2015ەوە مۆڵەتی بێ موچەی لە دوساڵ زیاتر تێپەڕبوبێت.

 

هەر بە گوێرەی نوسراوەكە، 15/9/2020 دوا وادەیە بۆ بەرزكردنەوەی داواکاریی پێشكەشكردن، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستایان دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاکانەوە داواكارییەكانیان بەرزبكەنەوە. هاوكات پێویستە  لەماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەکاربونەوەیان داوای مۆڵەتی بێ موچە بکەن.

 

لە مەرجێكی دیكەی پێدانی مۆڵەتی بێموچەدا هاتوە، لەکاتی داواکردنی درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ موچە، پێویستە کار بە ناوەڕۆکی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2017ی وەزارەتی دارایی و ئابوری بکرێت. پێویستە داواكار رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی فۆڕمی ژمارە یەک وەربگرێت، تیایدا ئاماژە بەوەكرابێت مۆڵەتەكە کاریگەری لەسەر میلاک نابێت.

لە خاڵێكی دیكەی مەرجەكاندا ئاماژە بەوەكراوە، تا بڕیاری وەزاری و بڕیاری کارگێڕی گشتی قەزاکان بە پێدانی مۆڵەتەکەی دەرنەچێت، داواكار نابێت دەستلەکارهەڵبگرێت. لە رۆژی دەرچونی بڕیارەكەشەوە نابێت دەستلەكارهەڵگرتن لە حەوت رۆژ زیاتر بێت.

 



PM:10:31:27/07/2020