"كۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان سەرەتای تێكچوونی پەیوەندییەكانی پارتی‌و ئێران"

‌فەلاح مستەفا لەگەڵ قونسڵی ئێران- ماڵپەڕی حکومەت
پەرلەمانی كوردستان نووسینێكی قونسڵگەری ئێرانی كردۆتە خاڵێكی كۆبوونەوەی خۆی كە قسە لەسەر زمانی كوردی دەكات‌و بەزمانی نازانێت‌و وەك  بەشێك لە زمانی فارسی ناوزەدی دەكات، چاودێرێكیش پێیوایە ئەمە سەرەتای "تێكچوونی پەیوەندی نێوان پارتی‌و ئێران دەبێت".
لەسەر داوای ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمرۆ 26-5 خاڵێكی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت دەبێت بەو نوسینەی لە ماڵپەری قونسڵخانەی ئێران لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە بەناونیشانی "تێڕوانینێك بۆ پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق".
بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە لەكاتی خۆیدا ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو ناوەندی رۆشنبیران‌و سیاسییەكاندا دروستكرد‌و
دووو هەفتەش لەمەوبەر لە 13-5 بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی فەلاح مستەفا لەگەڵ قونسڵی گشتی محسن باوفا دانیشتن‌و داوای روونكردنەوەی لە قونسڵ كرد‌و ئەوانیش بەڵێنیان دا كە وەزارەتی دەرەوەی ئاگادار دەكاتەوە‌و لەكاتی دەركردنی روونكردنەوەی رەسمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بەدەستیان دەگەیەنێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند ئەم سووربوونەوەی پارتی بەپلەی یەكەم " بە سەرەتای بەرەو خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و ئێران ناوزەد دەكرێت".
ئەو سەرچاوەیە پێیوابوو كە بانگهێشتكردنی قونسڵی ئێران بەس بوو لەسەر ئەو پرسە، پێویستی نەدەكرد پەرلەمانیش بەو پرسەوە سەرقاڵ بكرێت كە لەئەنجامدا لەوە زیاتری پێناكرێت كە حكومەت كردوویەتی كە ئەویش لەباشترین حاڵەت دەركردنی بەیانێكە، یان ناردنی ناڕەزایی رەسمییە بۆ بەپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كرد كە پەیوەندییەكانی پارتی‌و كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گەرم نییە پێویستی بەم سەر ئێشە نوێیەش ناكات.
پەیوەندییەكانی پارتی‌و كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر نزیكبوونەوەی زۆری پارتی لەگەڵ توركیا‌و دۆستایەتی پتەوی بارزانی لەگەڵ سونە‌و دژایەتیكردنی مالكی جۆرە ساردیەكی بەخۆوە دیووە، دانیشتنی پەرلەمانیش لەسەر داوای هەمان حیزب پەیوەندییەكان بەرەو سەرەتایەكی خراپ دەبات.     



AM:10:11:26/05/2014