وەزارەتی خوێندنی باڵا کارنامەی ساڵی نوێی خوێندنی ئاشکرا کرد

له‌ چه‌ند شوێنێك وا بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ده‌ست به‌ خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام وتەبێژی وەزارەتەكە ڕایدەگەیەنێت" هیچ شتێكی فەرمی لەوبارەیەوە بوونی نیە".

 

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" كە ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنها دەنگۆیە و ئێمە بە فەرمی هیچ شتێكمان لەوبارەیەوە بڵاونەكردۆتەوە".

 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی راشیگەیاند" بە لەبەرچاوگرتنى رەوشى تەندروستى هەرێمى کوردستان بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆڤید - 19 و بەمەبەستى دیراسەکردن، خۆ ئامادەکردن و داڕشتنى پلان و ئەگەرەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لیژنەیەکى باڵاى لە سەرۆك زانکۆ حکومى و تایبەتەکان بۆ چۆنیەتى دەوامى ساڵى خوێندنى (2020-2021) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە رەچاوکردنى ستانداردە جیهانییەکان پێکهێناوە".

جەختیشیکردەوە: یەکێك لە پێشنیازەکانى لیژنەکە کە هێشتا نەبووه‌تە بڕیار، پێشنیازکراوە خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى لە 1ی 9وە دەست پێبکات، بۆ ئەم مەبەستە دواتر وەزارەت باشترین بژاردە بۆ کارنامەى ساڵى خوێندنى (2020-2021) جێبەجێ دەکات و لەشێوەى رێنمایى بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان بڵاوى دەکاتەوە. 



AM:12:02:09/08/2020