ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: دابەشنەكردنی مووچەی تەواو لەكاتی خۆیدا، بووەتە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" دابەشنەكردنی مووچەی تەواو لەكاتی خۆیدا، بۆتە بارگرانی بۆ هاووڵاتیان". 

 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكە، لە میانەی كۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە حكومەتی خۆجێی لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، سەڵاحەدین بەهادین ڕایگەیاند" پێویستە نوێنەرانی ئێمە لە حكومەتە خۆجێیەكان هەمو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ فشار خستنەسەر بەرپرسانی سەروی خۆیان بۆ ئەنجامدانی خزمەتی زیاترو چاكسازی لەو فەرمانگەو سێكتەرانەی ئەوان كاری تێدا دەكەن". 

هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووە جەختیشیكردەوە: كە جێی نیگەرانیمانە كێشە كەڵەكەبوەكانی حكومڕانی كوردی بێچارەسەر ماوەتەوە كە زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە هاوڵاتیان پێوەی دەناڵێنن و لەئێستاشدا هاوڵاتی لەزۆربەی خزمەتگوزاری و مافە سەرەتاییەكانی بێبەشە.

سەڵاحەدین بەهادین ئاماژەی بەوەشدا، بژێوی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم لەسەر موچەیەو بەداخەوە موچەش لەكاتی خۆیداو وەك خۆی دابەشناكرێت كە ئەوەش بوتەهۆی بارگرانی زۆر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.



PM:06:32:22/08/2020