وێنه‌ ... قائیمقامیه‌تی سلێمانی خانمان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌



به‌هۆی به‌سه‌رچون و نه‌بونی به‌رواره‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی خانمان له‌به‌كارهێنانی مادده‌ی جوانكاری ئاگادار ده‌كاته‌وه‌. 


د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت بۆ پێشانگا و ئه‌و شوێنانه‌ی مادده‌ی جوانكاری به‌خانمان ده‌فرۆشن، ده‌ركه‌وتوه‌ به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ به‌ناوی ئه‌وه‌ی ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌كراوه‌ و له‌و شوێنانه‌ ده‌فرۆشرێت، به‌رواری دروستكردنی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌ و به‌شێكی دیكه‌یان ماوه‌ی به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچوه‌ و شیاوی به‌كارهێنان نین‌.


وتی: به‌وته‌ی خاوه‌ن شوێنه‌كان كه‌ به‌كڕیاره‌كانیان ده‌ڵێن، ئه‌و مادده‌ جوانكارییانه‌ به‌پێی ستاندار و كوالێتی ئه‌ورپا به‌رهه‌مهێنراوه بۆیه به‌رواری به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی هاورده ‌ده‌كرێن پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وده‌فره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی تێده‌كرێت لێبڵی تایبه‌ت به‌پێكهاته‌، چۆنیه‌تی به‌كارهێنان، به‌رواری دروستكرن و كاتی به‌سه‌رچونی به‌شێوه‌ی لێزه‌ر هه‌ڵكۆڵرابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگری له‌ فرۆشتنیان ده‌كرێت.


وتیشی: به‌شێك له‌و جوانكاریی و مادده‌ پاككه‌ره‌وانه‌‌ی خاوه‌ن پێشانگاكان ده‌یفرۆشن، ماوه‌ی به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچوه‌ به‌ڵام به‌هۆی به‌‌دانانی له‌زگه‌ی نرخه‌وه‌ به‌رواره‌كه‌ی ده‌شارنه‌وه‌، ‌ئه‌مه‌ش فێڵی بازرگانیه‌ و به‌یاسا رێگری لێكراوه‌، چونكه‌ ئه‌و ماددانه‌ كه‌ پێكهاته‌ی جوانكاریی یان پاككه‌ره‌وه‌ی لێدروستكراوه‌ ده‌بێت به‌مادده‌یه‌كی زیان به‌خش و زیان به‌ته‌ندروستی به‌كارهێنه‌رانی ده‌گه‌یه‌نێت.


رونیكرده‌وه‌: بۆتێكنه‌چون و خراپ نه‌بونی جوانكارییه‌كانی خانمان و مادده‌ پاككه‌ره‌وه‌كان، پێویسته‌ له‌كاتی هاورده‌كردن و عه‌مباركردن و هه‌روه‌ها له‌ناو پێشانگاكان له‌كاتی فرۆشتنیدا پله‌ی گه‌رمی و ‌شێوازی ته‌ندروست له‌به‌رچاوبگیرێت‌‌، تا له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌  شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی نه‌كرێنه‌وه‌.


د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، داوا له‌خانمان ده‌كات، له‌كاتی بازاڕكردن  كڕینی پێداویستیه‌كانتان به‌وردی سه‌رنج له‌به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچونی مادده‌كانی جوانكاری‌ و پاككه‌ره‌وه‌كانی‌ پێست و هه‌ویری ددان شتن بده‌ن تا روبه‌ڕوی گرفتی ته‌ندروستی نه‌بنه‌وه‌، له‌كاتی هه‌بونی گومان یان هه‌بونی مادده‌ی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچو، له‌ڕێی ژماره‌ مۆبایلی (07708677777) په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ بكه‌ن.



AM:09:58:25/08/2020