سپی بۆچوونە نهێنییەكانی پارتی لەسەر گۆڕان‌و یەكێتی بڵاودەكاتەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن دەڕوانێتە یەكێتی، یەكێـتی‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، ناردنی هێزی پارتی لە 17شوباتدا، گفتوگۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پارتی‌و گۆڕان لەسەر پێكهێنانی حكومەت، هەڵبژاردن‌و راپرسیەكانی پارتی، رای پارتی لەسەر پێكهێنانی پارێزگا‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.

گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت
سەرچاوەیەكی نزیك سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ڕازیكردنی یەكێتی بۆ بەشداریكردن‌و پێدانی ئەو ژمارە پۆستە زۆرەی حكومەت بەو حیزبە بە سپی میدیای ڕاگەیاند، كە پارتی زۆر هەوڵیداوە لە یەكێتی بگەیەنێت، كە پارتی وەكو هێزیكی پەراوێزخراو سەیری ئەوان ناكات، چونكە پارتی ئەوەی دەزانی، كە ئێران جێگەی مەترسیەكی گەورە بوو، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی نێوان ئێران‌و بزووتنەوەی گۆڕان زۆر خراپە، بۆیە لە هەر پەراوێز خستنێكدا، یەكێتی پەنای بە ئەلتەرناتیڤە مەترسیدارەكان دەبرد.
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەم ماوەیەی رابردوودا‌و بەتایبەتی لەسەردەمی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئەو رستانەی بەرپرسانی یەكێتی فڕێیان دەدا، بەوەی "دەبنەوە پڵنگ‌و هێزیان هەیە‌و هێز تەسلیم ناكەن‌و پەنا بۆ گەڕاندنەوەی دوو ئیدارەیی دەبەن، ئەمانە قەناعەت بوون، نەك ڕستەی ئاسایی‌و هەڵمەتی هەڵبژاردن".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد كە یەكێتی زۆر نیگەران بوو لە ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و پارتی‌و هەوڵیدا هەڵبوەشێتەوە، زۆر هەوڵی بۆ‌ لێسەندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی دا لە گۆڕان، بەڵام پارتی بەشێوەیەكی قەتعی ئامادەنەبوو ئەو كارە بكات، "تەنانەت ئەگەر وەزارەتی ناوخۆش بداتە یەكێتی، ئامادە نەبوو، پێشمەرگە لە گۆڕان بسەنێتەوە، مەلا بەختیار بە مەكتەبی سیاسی پارتی گوت، "ئایا وەزیری پێشمەرگەی ئێمە دڵسۆزترو گوێڕایەڵتر دەبێت بۆ سەرۆكی حكومەت، یان وەزیرێكی گۆڕان؟ كاتێك لە 17ی شوبات هێزتان بۆ سلێمانی نارد، شێخ جەعفەر هیچ شتێكی بە ئێمە‌و دكتۆر بەرهەمیش كە سەرۆكی حكومەت بوو نەدەوت‌و هەر دەیوت سەرۆكی هەرێم بەرپرسمە".

بەپێی سەرچاوەكەی سپی، لەوەڵامدا مەكتەبی سیاسی پارتی وتیان "هێزەكەی ئێمە لەسەر داوای مام جەلال ڕۆشت‌و ئەو خۆی نەیویست كەس لە ئێوە بیزانێت، مام جەلال خۆی تەلەفۆنی كردوو وتی هێز بنێرن، گۆڕان لە ئێمە ناترسێت، وتیشمان بۆ بە مەكتەب سیاسی حیزبەكەت نەوت؟ مام جەلال وتی پێیان ناڵێم، ئێوە هێزی خۆتان بنێرن‌".

هەر لەبارەی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان‌و پارتی لە 17ی نیسانی ئەمساڵدا، سەرچاوەكە سپی ئاماژەی بەوە كرد، كە ترسی گەورەی یەكێتی لە چەككردنی بوو، ترسەكەشی لە جێگەی خۆی بوو "چونكە ویستی گۆڕان‌و پارتی ئەوە بوو".

لە بارەی ئەو لێدوانانەی یەكێتی كە گوایە گۆڕان بە پارتی وتووە، ئەوەی یەكێتی بۆ ئێوەی كردووە، ئێمە زیاتر دەكەین، ئەو قسەیەی بە ناڕاست وەسف كردو وتی "پارتی تەسەوری ئەوە ناكات شەراكەتی گۆڕان وەكو شەراكەتی یەكێتی بێت، چونكە گۆڕان خۆی نایەوێت بەو جۆرە شەراكەت بكات، بەڵام یەكێتی خۆی لە ناو خۆی خۆیدا لە قەیراندایە‌و پارتی نازانێت لەگەڵ كێ قسە بكات، دواجار پارتی داوای كرد كە لە كۆبوونەوەكاندا، هەر سێ باڵەكە بەیەكەوە ئامادە بن، چونكە بەردەوام قسەكانیان لە ناو كۆبوونەوە بە جۆرێك بوو، دوای كۆبوونەوەش بە جۆرێكی تر".


هەڵبژاردن
سەرچاوەكە سپی میدیا ئاماژەی بەوە كرد كە تەوەقوعاتی پارتی بۆ هەڵبژاردن لە ژێر ڕۆشنایی دراسەت‌و ڕاپرسییەكان هەڵدەهێنجرا، لە هەندێك شوێن بۆچوونەكان وەكو خۆی بوو، لە هەندێك شوێنیش وا دەرنەچوو.

سەرچاوەكە چووە وردەكاری راپرسیەكانەوە "لە سلێمانی‌و دهۆك دەنگەكان نزیك بوون لە تەوەقوعاتی پارتی، هەرچەندە لە سلێمانی ڕێژەی 26% دەنگی ناجێگیر هەبوو، كە بەهۆی هەڵەی چەند بەرپرسێكی پارتییەوە لەو شارە، نەتوانرا ئەو دەنگە ناجێگیرانە بەلای خۆیدا ڕابكێشێت".

سەبارەت بە هەولێریش وتی "پارتی لەمانگی كەمپینی هەڵبژاردن، چەندین ڕاپرسی كرد، لەرووی كاتەوە هەموویان لە هەفتەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و لە هەفتەی كۆتایی هەڵبژاردن، لە هەموو ڕاپرسیەكانی هەولێر گۆڕان لە پێش یەكێتی بوو، پارتیش لەسەرووی 60%ی دەنگەكانی هەبوو، بەڵام ئەنجامەكە وا دەرنەكەوت، جگە لەوەی یەكێتی پلەی دووەمی هێنا، ڕێژەی پارتیش نزیكەی 50% یە".

ئەو هۆكاری هەڵسانەوەی یەكێتی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كە "یەكێتی بەرامبەر پارتی خیتابی تەواو گۆڕانی بەسەردا هاتوو، هەروەها خۆی وەكو زوڵم لێكراو پێشاندا، مەزڵوم بەوەی پارتی هاوپەیمانی بوو، كەچی خەنجەری لێداوە‌و گۆڕانیش لەهەوڵی لەناوبردنیەتی". وتیشی "پەنجەكەی مام جەلال‌و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی كۆبوونەوەی نێوان گۆڕان‌و پارتی، جەماوەری یەكێتی كۆكردەوە".

سەرچاوەكە،‌ ڤیدیۆكەی بە شتێكی ئاسایی دەزانێت، بەڵام وەك خۆی وتی "یەكێتی زیرەكانە بەكاری هێنا‌و سۆزی قاعیدەی پێ جولاند".


لەبارەی هەڵبژاردنەكان لە شاری كەركوك
سەرچاوەكەی سپی دەڵێت "یەكێتی كەركوكی وەكو كارتێكی فشار بۆ سەر پارتی بەكارهێنا‌و بۆیە مفاوەزاتیشی خستە دوای هەڵبژاردنەوە، هەر لەبەرئەوەش پارتی گرنگی زیاتری بە حزوری خۆی لە كەركوك دا".
 
لەبارەی دكتۆر نەجمەدین كەریمیشەوە سەرچاوەكە وتی "دكتۆر نەجمەدین كەریم شت ناڵێت بەرامبەر پارتی، بەڵكو شت دەكات، ئەو كابرایەكی عەمەلیە نەك تەنیا قسەكەر، موجازەفەی خەتەر دەكات‌و ئەمەریكییانە تەعامول دەكات، ئەمەریكییەكان ئاراستەی دەكەن وەك قونسوڵخانەی ئەمەریكی ڕۆل دەبینێت، ئەمانە سەرۆكی هەرێمی توڕە كرد‌و كاتێك دكتۆر نەجمەدین كەریم داوای كرد بیبینێت، سەرۆك ئامادە نەبوو" .

ئەو لەدرێژەی قسەكانیدا وتی "كاك مەسعود هەمیشە بە بەرپرسانی پارتی لە كەركوك وتووە، وەكو پارێزگار تەعامولی لەگەڵ بكەن‌و پابەندی بڕیارەكانی بن، بەڵام ئەو لەوە توڕە بووە، كە دكتۆر نەجمەدین ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریكییەكان‌و تەنانەت بۆ حكومەتی ناوەند، ئەوەندە گوێ بە هەرێمی كوردستان نادات". وتیشی "بۆ ناوچە دابڕاوەكان گۆڕان‌و پارتی تێڕوانینێكی هاوبەشیان هەیە‌و لە یەكتری نزیكترن لە تێڕوانینی یەكێتی".


پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكان
سەرچاوەكەی سپی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێتی لە پارێزگاكان، دەڵێت "هێشتا پارتی بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پارتی نایەوێت لە هەولێر بە تەنیا حوكم بكات‌و حەز بەبەشداری حیزبەكانی تر دەكات، بە هەمانشێوە دەیەوێت لە كەركوك بەشدار بێت".

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی، سەرچاوەكەی سپی دەڵێت "پارتی بڕیاری داوە بە هەموو قورسایی خۆی یارمەتی گۆڕان بدات بۆ سەركەوتنیان لە ئیدارەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و ڕێگە نەدان بە دروستكردنی گرفت بۆیان لەلایەن یەكێتیەوە".

بەرامبەر ئەمەش بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، گۆڕانیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات نێچیرڤان لە ئیدارەدانی كابینەكەیدا سەركەوتوو بێت، وتی "چونكە لە فەشەلی حكومەت، تەنیا یەكێتی قازانج دەكات، نەك گۆڕان‌و پارتی".

هەروەها وتیشی "نیگەرانی هەندێك بەرپرسی پارتی، بەوەی گۆڕان لە ناو حكومەت بەهێزتر دەبێت، كاك مەسعود پێیانی وتووە، ئەگەر گۆڕان ببێتە هۆكاری زیادبوونی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، قەیچێكا با پێگەی بەهێزتر بێت، ئەوكات بۆ ئێمەش باشترە‌و بەرپرسانی ئێمەش دەكەونە كێبركێی‌و خزمەتكردنی زیاتری خەڵك".


ئەم بابەتە لە ژمارە 14ی گۆڤاری سپی میدیادا بلاوکراوەتەوە.


PM:05:58:28/05/2014