غالب محەمەد: ئەو دەنگە دەنگەی روویدا کێشەی سەرەکییە
عەدنان عوسمان: کێشەکە تەنها لێکتێنەگەیشتن بوو



لە کۆبوونەوەی جڤاتی گۆڕان کە ئەمڕۆ شەممە لە سلێمانی سازکرا، دەنگەدەنگێک دروست دەبێت لەنێوان غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق، لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێکی گۆڕان، ئەو دەڵێت "کێشەکە شەخسی نییەو لەگەڵ ئەوانەدایە خەریکی میکیاجکردنی دەسەڵاتن". عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە بەپێچەوانەوە، دەڵێت" تەنها لێکتێنەگەشتنێک لە نێوان دو برادەر رویداوە".


ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە بەرزترین دەستەی ناو گۆڕانە بەبەشداری نوێنەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە ناو حکومەت سازکرا، عەدنان عوسمان لەدوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند " لە کۆبونەوەکەدا کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، تێیدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر بەشداری گۆڕان و پرسی چاکسازی و ئەو کارانەی کراون، هەروەها ئەو رێگریانەی هۆکار بون بۆ ئەنجامنەدانی هەندێ کاری تر لەگەڵ تیمی حکومەت باس و گفتوگۆمان لەسەری کرد".

 
دەربارەی ئەو بارگرژی و دەنگەدەنگەی لە کۆبوونەوەکەدا روویداوە، عەدنان عوسمان دەڵێت" کۆبونەوەکە چوار کاتژمێر لەسەر یەک بەردەوام بوە و هیچ وەستانێک روینەداوە، تەنها لێکتێنەگەشتنێک لە نێوان دوو برادەر روویداوە ئەوەش شتێکی ئاساییە و هیچ کاریگەری نەکردۆتە سەر بەڕێوەچونی کۆبونەوەکە."


بەپێچەوانەی لێدوانەکەی سکرتێری جڤاتی نیشتمانیەوە، د.غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزووتنەوەکە کە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەک نوێنەری سەرۆکی فراکسیۆن د. یوسف محەمەد بەشداری کردبوو، لەبارەی ئەو بارگرژیەوە دەڵێت " ئەوەی یٔەمڕۆ لەکۆبونەوەی جڤات ڕویدا کێشەیەکی بچوکی نێوان بەندوە و گروپی بەرژەوەندی خوازی گۆڕان نەبووە لەحکومەت، بەڵکو کێشەی سەرەکی بووە لەپێناو ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەندە بەنوێنەرایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەشداربوم بۆیە شەڕێکی شەخسی نەبوو".


هەروەها وتیشی " داوام کرد چیتر ئەو گرووپە بەردەوام نەبن لەم حکومەتە شکستخواردوە کە بوەتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆخەڵکی هەرێمی کوردستان و خەریکی مکیاج کردنن بۆدەسەڵات دەیانەوێت فراکسیۆنی گۆڕانیش لەبەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبکەن و خۆیان و نەوەکانیان وەک شا بژین و ملی هاوڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات".


غالب محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " ئاڵۆزی کۆبونەوەکە لەوەوە دروست بو چونکە یٔەوان نایەنەوێ دەس بەرداری کورسی و بەرژەوندی ببن لای یٔێمەش یٔەمە قبول نیە، لەیٔێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لەبەغداد کۆبونەو لەوبارەیەوە یٔەنجام ددەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت ،دوا بریار لە گەڵ هاوریاندا دەدەین".

 


PM:06:18:05/09/2020