ئەندامێکی سوپای پاسداران بەهۆی تەقەمەنیەوە کوژرا

ئەندامێکی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی شاری مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی تەقیەنوەی مین لە نزیک یەکێک لە پایگاکانی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی مەریوان، ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی هۆشیار ئەردەڵان خەڵکی سنە گیانی لە دەست داوە کە پەیوەندییە گشتییەکانی بنکەی (حەمزە)ی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پشتڕاستی کردووەتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینەدا بریندار بوون کە هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.

ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسداران بە مەبەستی چارەسەرەیی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە کراون.

PM:09:26:07/09/2020