بارزانی، جەلال تاڵەبانی پشتگوێ‌ دەخات‌و پەیامێك ئاڕاستەی یەكێتی دەكات

‌مەسعود بارزانی
سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوەی) هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات، بەبێ‌ ئەوەی ناوی سكرتێری گشتی ئەو حیزبە جەلال تاڵەبانی ببات.
لەو پەیامەدا كە بەبۆنەی سی‌و نۆ هەمین ساڵیادی دامەزراندی یەكێتیەوە ئاڕاستەی ئەو حیزبەی كردووە، بارزانی دەڵێت "برایانم جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان"، بەبێ‌ هیچ ئاماژەیەك بۆ سكرتێری گشتی ئەو حیزبە.
بارزانی هەر لەو پەیامەدا كە ماڵپەڕی pukmedia زمانحاڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، بارزانی دەڵێت "هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی دەخوازم، هیوادارم بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناومان".

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان...
برایانم جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان.
بە بۆنەی سی و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو كادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم، هیوادارم ئەو یادە ببێتە هاندەرێك بۆ یەكخستنی تواناكانمان لەپێناو بەهێزتركردنی سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتەكەمان و هەروەها پتەوتركردنی یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان و پێشخستنی دۆزە رەواكەی.
خەبات و قوربانیدانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی ئێستای كوردستان بەرپرسیارێتییەكی گرنگ و مێژووی دەخاتە سەر شانی هەموو لایەكمان كە پێكەوە كار بۆ پاراستن و بەرەو پێشبردنی ئەزموونی سیاسی و حوكمڕانی و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسوودە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بكەین،  لەم قۆناغەدا كە تەحەدییات و دەرفەتی مەزن لەبەردەم گەلی كوردا هەن زیاتر لە هەر كاتێك ئەو چاوەڕوانییە لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە كە یەكڕیز و یەكدەنگ بن.
هەر لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی دەخوازم، هیوادارم بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناومان.

 هەر شادو سەركەوتوو بن
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31-5- 2014




AM:11:12:31/05/2014