لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و ئەو فەرمانانەی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەو بارەی کۆرۆناوە داویانە، رێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان چەند مەرج و راسپاردەیان هەیەو هەڕەشە لە حکومەت دەکەن، ئەگەر بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچێت بایکۆتی دەوام دەکەن.
لەو یاداشتەدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و رای گشتی کراوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مەرجەکان و راسپاردەکان، ئەو رێکخراوانە دەڵێن" لەئەگەری بەدەمەوەنەهاتن و جێبەجێنەكردنی ئەم داواكاری و راسپاردانەی سەرەوەدا، سەرجەم رێكخراوەكان هەڵمەتی بایكۆت كردنی خوێندن ڕادەگەیەنن لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا".
دەقی بەیاننامەی رێکخراوەکان..
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەڕێزان/ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان
رۆژی یەكشەممە 13/9/2020 نوێنەرانی سكرتاریەتی رێكخراوە قوتابی و خوێندكارییەكان لەشاری هەولێر كۆبوونەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی (2020-2021), پاش تاوتوێكردن و گفتوگۆی چڕوپڕ و بەهۆكاری
1- نەبوونی هۆشیاریی تەواو و رۆشنبیریی ئەلكترۆنی كەسوكاری قوتابیان.
2- خراپیی و نەبوونی هێڵەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندی.
3- ئەزمونی خراپی ساڵی رابردوو بۆ خوێندنی ئەلكترۆنی (ئۆنلاین).
4- گەیشتینە ئەو باوەڕەی كە خوێندنی ئەلكترۆنی و ئۆنلاین ڕەت دەكەینەوەو بەهەنگاوێكی گونجاوی نازانین بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان و جەخت دەكەینەوە لەخوێندنی راستەوخۆ لەناو ناوەندەكانی خوێندن و پشتگیریی داواكاریی مامۆستایان دەكەین بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانیان,
هاوكات گەیشتینە ئەم راسپاردانە
یەكەم: سەبارەت بەناوەندەكانی خوێدنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە:
1- رەچاوكردنی رێكارە تەندروستییەكان و پاكژكردنەوەی بەردەوام بۆ قوتابخانەو پۆلەكانی خوێندن و لەبەرچاوگرتنی رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەناوچەكەدا.
2- دابەشكردنی خوێندكارانی بنەڕەتی و ئامادەیی بەسەر چەند گروپێكی بچوكدا لەپێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی .
3- لەبەرامبەر كەمبوونەوەی دەوامیان، خوێندنگە ئەهیلییەكان داشكاندن بكەن لەكرێی خوێندنی ئەمساڵ. دووەم: سەبارەت بەزانكۆو پەیمانگاكان:
4- دەستپێكردنەوەی دەوامی ناو كەمپ بۆ زانكۆو پەیمانگاكان بە دوو قۆناغ:
قۆناغی یەكەم: دەستپێكردنەوەی دەوامی ئەو بەشانەی كە وانەی كرداریی (پراكتیكی)یان هەیە.قۆناغی دووەم: بەشە تیۆرییەكان.
٢- ئاسانكاریی زیاتر بكرێت بۆ گواستنەوەی خوێندكاران لەنێوان زانكۆو پەیمانگاكان.
٣. رەچاوكردنی رێكارە تەندروستییەكان و پاكژكردنەوەی بەردەوام بۆ ناوەندەكانی خوێندن و بەشەناوخۆییەكان
لەئەگەری بەدەمەوەنەهاتن و جێبەجێنەكردنی ئەم داواكاری و راسپاردانەی سەرەوەدا، سەرجەم رێكخراوەكان هەڵمەتی بایكۆت كردنی خوێندن ڕادەگەیەنن لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا
. بەهیواو نزای تەندروستیی و سەلامەتیی بۆ هەموو لایەك.
كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان
رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
ڕایەڵەی خوێندكارانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئۆفیسی گەنجان و خوێندكارانی نەوەی نوێ
پەیوەندیی ئیسلامیی خوێندكاران و لاوانی كوردستان
ڕێكخراوی قوتابیانی كوردستان
لەگەڵ ڕێزدا 13 ئەیلولی