مەسعود بارزانی و باڵیۆزی ئەمریكا لەبارەی دۆخی هەرێم و عیراق كۆبوونەوە

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبوه‌وه‌ و توله‌ر ڕایگه‌یاند" هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمەریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە".

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، لە دیدارەكەدا كە ڕۆبێرت واڵەر كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سڵاوی تایبەتی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بە بارزانی گەیاند و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمەریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە.

ئەوەشی خستە ڕوو: كە ئەمەریكا دەیەوێ لە چوارچێوەی دیاڵۆگی ستراتیژییدا یارمەتیی دۆستەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق. هەر لەو كۆبوونەویەەدا شاندی میوان تەئكیدیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.

 

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا مه‌سعود بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا سوپاسی دامەزراوە و ناوەندەكانی بڕیاری ئەمەریكای كرد كە بە بایەخەوە سەیری بارودۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەورەها هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی تازەی ئەمەریكا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەددیاتی بەردەم حكوومەتی عێراقی و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەروەها لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانی كۆمەڵگە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون".



PM:03:20:14/09/2020