پارتی بەشداری کۆبوونەوەی حیزبەکان لەکەرکوک ناکات
یەکێتیش بە پیاوی تورکیا ناوزەدی دەکات



ئەمڕۆ یەک شەممە حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکوک کۆبوونەوەو، پارتی وەک کۆبوونەوەکانی پێشوو بەشداری نەکرد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەو شارە وتی " کێشەی نەگەڕانەوەی پارتی پەیوەست نییە بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە پارتی و تورکیاوە".


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەک شەممەی حیزبەکوردستانییەکان لە شاری کەرکوک کە پارتی بەشداری نەکرد، محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک رایگەیاند " لە کۆبونەوەکەدا ئەمڕۆدا باس لە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان بەیەکەوە بچنە هەڵبژاردنەوە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنیش چاوەڕێی پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەن".

 
دەربارەی بەشدارینەکردنی پارتی لە کۆبوونەوەکەدا،  بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی وتی " کێشەی نەگەڕانەوەی پارتی پەیوەست نیە بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە پارتی و تورکیاوە".

 
هەروەها ئەو بەرپرسەی یەکێتی داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرد كه‌ پشتیوانی كه‌ركوك بكات به‌ تایبه‌تی ڕێگریكردن له‌ ته‌عریبكردنی شاره‌كه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ردەوامەو هەرێم هیچ هه‌ڵوێستیكیان نه‌بووه‌.


دەربارەی پێششێلکاریەکان، محەمەد عوسمان وتی" هاوكات داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ داوامان له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێندرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوونی باش به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ دیاره"‌.




PM:04:05:20/09/2020