لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٣٤ هاووڵاتی کورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارە دراون
لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ سزای سێدارەی ٣٤ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە کە بە شێوەی نێونجی هەر دوو مانگ ١١ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە گرنگی بەدیکۆمێنتکردنی پیشێلکارییەکانی بواری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ حوکمی سێدارەی لانیکەم ٣٤ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و کوردستان جێبەجێ کراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی ڕێکخراوەکە کوردییەکە، چوار کەس لەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا لەسێدارە دراون بە ناوەکانی مستەفا سەلیمی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، دیاکۆ ڕەسووڵزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا بەندکراوی سیاسی بوون، هەروەها، دوو کەسیان بە ناوەکانی ئەمیر محەمەدپوور خەڵکی بۆکان و شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقز لەکاتی ئەنجامی تاوان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵ بووە و حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپێنراوە.
لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆی ئەو ٣٤ کەسەی کە لەسێدارە دراون ٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٢ کەسیان بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگاکانی سنە و ئورمیە هەر کامەیان ١٢ هاووڵاتی، لەپارێزگای لوڕستان ٥ هاووڵاتی و لە پارێزگای کرماشان ٤ هاووڵاتی و لە پارێزگای گیلان هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە دراون.
PM:02:26:24/09/2020