زانیاری نوێ لەبارەی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسایی بودجەی عێراق

ئەندامێكی شاندی كوردی لە لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو ڕایدەگەیەنێت" گفتوگۆكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامن، بەڵام بۆ جێگیركردنی پشكی ھەرێم لەو پڕۆژەیاسایەدا، پێویستە ھەرێم و بەغدا رێككەوتنی سیاسی بكەن". 

زاگرۆس فەتاح بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" گفتوگۆكانمان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامن و، لە ئێستادا بۆ جێگیركردنی بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان چاوەڕێ دەكەین ھەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی سیاسی بكەن و دواتر ئێمەش لە ڕووی تەكنیكییەوە كاری بۆ دەكەین و بەشەبودجەی ھەرێم لە بودجەی ساڵی داھاتوودا جێگیر دەكەین".

 

وتیشی" ھەر كاتێك رێككەوتنی سیاسی كرا، ئێمەش ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داھاتوو تەواو دەكەین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵیش، كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی دەبێت بۆ بودجەی ساڵی داھاتوو.

دەشڵێت" تاوەكو ئێستا رێككەوتنی سیاسی نەكراوە و چاوەڕێ دەكەین كە رێككەوتنی سیاسی بكرێت، بۆ ئەوەی ئەوكات ئێمەش كاری خۆمان تەواو بكەین".



AM:12:01:30/09/2020