له‌کاتیکدا کۆما جڤاتی کوردستان هه‌ره‌شه‌ی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی راگه‌یاند، دوێنێ ئوچ ئالان داوا ده‌کات له‌و هه‌ڵوێستانه دووربکه‌ونه‌وه که پرۆسه‌که ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه.
دوێنێ 1- 6 شاندێکی پارتی دیموکراتی گه‌لان HDP دوێنێ چووه ئیمراڵی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، عه‌بدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونه‌وه، دوای گه‌رانه‌وه‌یان شانده‌که رایانگه‌یاند که ئۆجالان وتوویه‌تی " تا ئه‌و خاڵه‌ی پێی گه‌یشتووین بۆ سه‌ره‌تایه‌کی جدی هیوایه‌کی مه‌زن هه‌یه و ده‌بێت ئه‌و هیوایه‌ش بپارێزرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت ."
ئه‌و وه‌فده که له‌شاندێکی پارتی دیموکراتی گه‌لان پێکهاتبوون جێگرانی فراکسیۆنی HDP له‌په‌رله‌مانی تورکیا په‌روین بوڵدان و ئیدریس بالوکه‌ن ، جێگری هاوسه‌رۆکانی HDP سڕی سوره‌یا ئۆنده‌ر به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی فراتی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان چوونه ئیمراڵی و له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان دیداریان ئه‌نجامدا، له‌زاری ئه‌وانه‌وه رایگه‌یه‌ندرا که له‌دیداره‌که‌دا ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری و ئه‌و رووداو و گۆرانکاریانه‌ی له‌ناوچه‌که رووده‌ده‌ن گفتوگۆیان له‌سه‌ر کراوه .
شانده‌که دوای دیداره‌که رایانگه‌یاند " ئۆجالان ووتی؛ پرۆسه‌ی هه‌ره گرنگ و راست گه‌یشتۆته ئاستێکی نوێ و ئه‌و خاڵه‌ی ئێمه پێی گه‌یشتووین بۆ سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ هیوایه‌کی گرنگیش هه‌یه و ده‌بێت ئه‌و هیوایه به‌پاراستن به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت".
هه‌روه‌ها ئۆجالان سه‌ره‌نجی راکێشایه‌سه‌ر پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌ردوو لایه‌ن و بانگه‌وازی له لایه‌نه‌کان کرد "له‌و هه‌ڵوێستانه دووربکه‌ونه‌وه که پرۆسه‌که ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه، به هۆشیاری و هه‌ستیاری هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن . ئۆجالان راگه‌یاند که ده‌بێت لایه‌نه‌کان بۆ پاراستنی سه‌ره‌تایه‌کی جدی پێشنیاری پێویست و سه‌میمی بخه‌نه‌روو و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش بخه‌نه واری کردارییه‌وه ده‌بێت رێ و رێبازی پێویست پێشبخه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له قۆناخێکی مێژوویداین ده‌بێت دونیای میدیا به باوه‌ڕیه‌کی دیموکراتی به‌رپرسیاریه‌تی مێژووی بخه‌نه سه‌رشانیان ."
هه‌روه‌ها ئۆجالان ده‌رباره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی کانه خه‌ڵوزه‌که‌ی سۆما رایگه‌یاند که هه‌موو رووداوه‌کانی له‌وشێوه‌یه له‌ئه‌نجامی بێ ویژدانی و دڕندایه‌تی کاپیتالیزم که هیچ سنورێک ناناسێت پێکدێن . ئۆجالان سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی هه‌موو که‌سوکاری گیان به‌ختکردووانی ته‌قینه‌وه‌ی کانه خه‌ڵوزه‌که‌ی سۆما کرد .
سه‌باره‌ت به سه‌رله‌نوێ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له ئاگری و نۆرشین ئۆجالان باوه‌ڕی خۆی به گه‌لی ئاگری و نۆڕشین خستۆته روو و وتویه‌تی"له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو فرت و فێله‌کان که له30ی ئادار به‌رێوه‌چوون، ئه‌مرۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌درێته‌وه نه‌ک ته‌نیا په‌یوه‌ستبوون به‌ئێمه به‌ڵکو په‌یوه‌ستبوونه ئیراده‌وه. له‌هه‌مان کاتدا نیشاندانی پێداگریمانه له‌سه‌ر ئاشتی و دیموکراسی. سڵاوی تایبه‌تی ئاراسته‌ی گه‌لی بۆتان ، ئاگری ، نۆڕشین ، گه‌ڤه‌ر و جوله‌مێرگ و به‌تایبه‌تیش ژنان و گه‌نجان کرد ."
"به‌پێی هه‌واڵه‌که‌ی فرات نیوز ئوچ ئالان سڵاوی ئاراسته‌ی گه‌لی عه‌ره‌ب و سوریانی و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی کوردستان کرد و بانگه‌وازی له‌ته‌واوی گه‌لی تورکیا کرد که له‌ده‌وری ئاشتی ببن به‌یه‌ک ."