توركیا: هه‌رێمی‌ كوردستان ئازادە نەوتەكەی بە كێ دەفرۆشێت

وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوتەکەی بە بازاڕە جیهانییەکان بفرۆشێت و ئەو نەوتە نەوتی ئێمە نییە و هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی بە کێێ دەفرۆشێت .

تانەر یڵدز لە وەڵامی ئەو پرسیارەی رۆژنامەنوسان كە "ئایا وڵاتانی كڕیاری ئەو نەوتەی لە بەندەری جیهان عەمبار كراوە بە هۆی هەڕەشە لێكردنەوە وازیان لە كڕینی نەوتەكە هێناوەو رۆڵی توركیا لەم نێوەندەدا چی دەبێت؟"، گوتی: "توركیا وەك هەر وڵاتێكی دیكە هەنگاو و پێشبینی خۆی و پڕۆژەی خۆی هەیە لە چوارچێوەی نەوتدا، هەر وڵاتێكیش بژاردەی تایبەت بەخۆی هەیە".

یڵدز لەبارەی نەوتی عێراقەوە گوتی: ''توركیا خاوەنی ئەو نەوتە نییە، باكووری عێراق خاوەنیەتی،  لەبەر ئەوە ئەو دەستهاتەی لەو نەتەوە بەدەستدێت، داهاتی عێراق دەبێت، عێراق سەربەستە بە چ وڵاتێك و چۆن دەیفرۆشێت دەتوانێت بە بازاڕەكانی نەوتی دەریای سپی و ئەمریكا و چینی بفرۆشێت".

وەزیری وزەی توركیا لەبارەی كرێی گواستنەوەی نەوتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان گوتی: "كرێی گواستنەوەو باركردنی زۆر كەمە، باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئەو نەوتە دەفرۆشێتە كێ و چۆن دەیفرۆشێ ئێمە ناچینە ناو ئەو كارانەوە".

دەشڵێت: "برا عێراقییەكانمان خۆیان بە پێوەری خۆیان ئەو داهاتی نەوتە بەشدەكەن و لە ئەنجامیشدا هەولێر و بەغدا لە نێو خۆیاندا دەگەنە رێككەوتن، توركیا لەم دۆخەدا بەردەوام دەبێت لەسەر بینینی رۆڵی ئەرێنییانەی خۆی".



PM:02:12:02/06/2014