وەزیری ناوخۆ ئاماژە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی هاوتوچۆ بەهۆی کۆرۆناوە دەکات

وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێبەر ئەحمەد ڕایدەگەیاند "ھەر كاتێك كۆبوونەوەكە كرا، ئەگەر پێویست بوو ئەو كاتە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەدەین".


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند،” ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، درێغی لێ ناكەین و ئەركی سەر شانی خۆمان بەجێ دێنین، بەڵام ئێستا ناتوانم بڵێم قەدەغەی ھاتووچۆ ڕادەگەیەنین، چونكە پێویستمان بە بۆچوونی پارێزگارەكان و وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستیی شارەكانی ھەرێمی كوردستانە”.


وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی:”ھەر كاتێك كۆبوونەوەكە كرا، ئەوكاتە دەردەكەوێت ئاخۆ پێویست بەوە دەكات بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بدەین یان نا”.


رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو " ئەگەر پەتا وەرزییەكان تێكەڵاوی كۆرۆنا ببن، مەترسی بڵاوبوونەوە و كوشندەیی كۆرۆنا زیاتر دەبێت”.

 
ئەوە لە کاتێکدایە کە ژمارەی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێم لە هەڵکشاندایە، هەر ئەمە وەیکردووە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک داوای بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بکات.




AM:08:45:04/10/2020