ئێران بەهۆی زۆربوونی مردن‌و تووشبوون بەکۆرۆنا باری نائاسایی راگەیاند

لە ئێران وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە بەهۆی زۆربونی ژمارەی توشبون و مردن بەکۆرۆنا وهاتنی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا باری نائاسایی تەندروستی لەتەواوی ناوچەکانی وڵاتەکەی راگەیاند.

 
وەزارەتی تەندروستی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیچ نەشتەرگەرییەکی دیکە رێگەی پێنادرێت و تەواوی توانا تەندروستییەکان بۆ روبەروبونەوەی کۆرۆنا تەرخاندەکرێت.


وەک وەزارەتەکە دەیخاتەڕوو، بڕیارەکە سبەی شەممە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا جێبەجێدەکرێت و بەکارهێنانی دامامک لەتەواوی شوێنە تایبەت و گشتییەکان دەکرێتە ناچاری.

 
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، هێزەکانی باسج دەمامک بەبێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکەن. هەروەها پارێزگای تاران قەدەغەکردنی هاتوچۆی لەهەندێک ناوچە راگەیاندوە.


ئەوە لە کاتێکدایە، هەینی ٤ هەزار و ١٤٢ حاڵەتی نوێی توشبون بەکۆرۆنا راگەیەندراوە و بەوەش کۆی ژمارەی توشبوان بۆ ٤٩٢ هەزار و ٣٧٨ حاڵەت بەرزبوەوە، هاوکات ٢١٠ حاڵەتی نوێی مردن بە کۆرۆنا تۆمارکرا و بەوەش کۆی ژمارەی مردوان بۆ ٢٨ هەزار و ٩٨ حاڵەت بەرزبوەوە.

 


PM:03:47:09/10/2020