ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند" داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن".
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ بەناو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ی قۆناغی بنەڕەتی وەک مامۆستایانی ناڕازی پێمان باشە هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو:
1 ـ وەزارەتی پەروەردە گوێی بۆ بۆچونی پسپۆران و خەمخۆران نەگرت و سوورە لەسەر بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن ، کە پێمان وایە ئەم بڕیارە بە زیانی پرۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت و تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە داواڕەواکانی مامۆستایان ، هاوکات ئەم بڕیارە خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی بە پارەکردنی خۆێندن و دەبێتە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی خوێندنی حکومی.
2 ـ بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە و وەزیرەکەی بیر لە بینا و دار و بەرد و قەڵەم و دەفتەر دەکاتەوە ، بەڵام مامۆستایان وەکو پێکهێنەری سەرەکی پەروەردە پشت گوێ دەخەن و گوێ بۆ داواڕەواکانیان ناگرن.
3 ـ وەزارەتی پەروەردە نایەوێ پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێ ، تەنها دەیەوێ لە ڕووی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵێ دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆیمان هەیە ، ئەگەر نا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی ڕانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی قووتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن.
4 ـ ئەگەر بەهۆکاری نەخۆشی کۆرۆناوە دەرگای خوێندنگاکان داخراون پێویستە خولەکانی پەیمانگاکان و خوێندنگە ئەهلییەکانیش دابخرێن.
5 ـ پشتیوانی هەڵوێستی ئەولقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە ، هیوادارین تا وەڵامدانەوەی داوا ڕەواکانی مامۆستایان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام بن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنەکە داوای لە سەرجەم مامۆستایان کردووە، پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی داواکاری مامۆستایان دەدەنەوە.
ئەو داوایەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەكاتێكدا تائێستا مامۆستایان وەك فەرمانبەرانی دیكەی هەرێم مووچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ و مانگەكانی دواتریشیان وەرنەگرتووە.