مه‌سروور بارزانى له‌سه‌ر ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى شەنگال پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە بارەی ئەو ڕێککەوتنە  بڵاوکردەوە کە ئەمرۆ هەینی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کرا لە پێناو ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال. 

 

کەمێک پێش ئێستا مه‌سروور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یەندراوێكدا ڕاىگه‌یاند" ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، ئەنجامی کارکردنی ڕژدی و دانوستانی چەندان مانگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شنگال کە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش". 

 

دەقی پەیامەکەیە: 

 

ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان  حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال ، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی  نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە ، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال ، ڕۆلێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا ڕێککەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم ڕێککەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور.

 

دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە ، لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی ، گفتوگۆمان دەربارەی ڕێککەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی  ئەم ڕێککەوتنە گرنگە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت ، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەست بهێنین لە سەر  بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش . ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، تیرۆریستانی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا.  لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خاتوو جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم ڕێککەوتنەدا. 

 

مەسرور بارزانی

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

2020/10/9



PM:09:31:09/10/2020