یەکگرتووی ئیسلامی راگرتنی مووچەی ٥ مانگ رتدەکاتەوە

ناڕەزایەتییەکان لە بارەی بڕیاری حکومەتەوە کە مووچەی ٥ مانگ رابگرێت لەهەڵکشاندایە، ئەمڕۆش سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەو بڕیارەی حکومەتی رەتکردەوە.


لەراگەیاندنێکدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبونەوەیەكی بە ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی، بریاری حكومەت و وەزارەتی دارایی رەتدەكاتەوە كە لەبارەی راگرتنی مووچەی پێنج مانگی ئەم ساڵەوە دراوە.


دەقی بەلاغەكەكەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 
بەلاغی كۆبونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردن

 
ئەمڕۆ سێ شەممە 13/10/2020 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرپەرشتی بەڕێز ئەمینداری گشتی و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

 
سەرەتا ئەمینداری گشتی لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی خستە روو، لە كۆبونەوەكەدا وێرای تاوتوێكردنی كاروباری ناوخۆی حیزب ، ئەنجومەن هەڵوەستەی كرد لەسەر باری بژێوی هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی كە بە دۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێت بەهۆی دواكەوتنی مووچە بۆ ماوەی دوو مانگ ، سەرەڕای ئەوەش حكومەت ڕایگەیاندووە كە مووچەی پێنج مانگی ئەم ساڵی 2020 ی بەیەكجاری ڕاگرتووە.

 
ئەنجومەنی جێبەجێكردن ئەو بڕیارەی حكومەت و وەزارەتی دارایی رەتدەكاتەوە و بە بڕیارێكی نایاسایی و زێدەڕۆیی بۆ سەر مافی فەرمانبەران هەژمار دەكات، هەروەها كۆبونەوە جەختی كردەوە كە پێویستە حكومەت بەزووترین كات كێشەی مووچە چارەسەر بكات و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەشی بكات.

 
ئەجنومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسالمی كوردستان 




PM:02:53:13/10/2020