كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا دەكات

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) كۆتایی بە چواردەهەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی هێنا كە  لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بە بەشداری زیاتر لە ( 200) نوێنەری دەزگاو پارت‌و رێكخراوی مەدەنی‌و كەسایەتی لە هەر چوار پارچەی كوردستا‌و تاراوگە بەڕێوەچوو.
لەكۆتایی كۆنگرەكەدا بە (17) خاڵ سەرجەم پێشنیارو راسپاردەو داواكاریەكانیان بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد.

لە ئەنجامی گفتوگۆ و وتووێژەكاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە وەك پێشنیار راسپاردە و داواكاری خرانە روو:
1.    KNK، وەك گەورەترین دەزگای نەتەوەیی، بەردەوامی بە كاروخەباتی خۆی دەدات. جڤاتی 14مین ئەوەی دەرخست كە بوون و بەهێزبوونی KNK پێویستیەكی هەرە گرنگە بۆ كۆكردنەوە و هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردنی هێزە سیاسی و دینامیكە نەتەوەییەكانی كوردستان، بۆگەیشتن بە مافی چارەنووسی گەلەكامان.
2.    KNK پشتگیری دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە هەموو بەچەكانی كوردستان دەكات و هەر دەستكەوتێك لە هەر بەشێكدا سەركەوتنە بۆ هەموو كوردستان. بۆیە بانگی هەموو پارت و رێكخستنەكانی كوردستان دەكەین، كە رۆڵی نەرێنی ببینن لە پشتگیری و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە.
3.    KNK پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و دیموكراسی لە باكوری كوردستان دەكات و داوا دەكات ئەم دیالۆگە  لەسەر بنچینەیەكی یاسایی ببێتە دانوستانێكی فەرمی لە نێوان حكومەتی توركیا و بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان. لە پێناو سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا پێویستە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی رۆڵی سروشتی خۆی بگێڕێ.
4.    KNK پشتگیری لە دەستكەوتە سیاسی و كلتوری و بە دەستخستنی شارەوانیەكان لە ڕێگای هەڵبژاردنەكانەوە دەكات و دەیپارێزێت.
5.    KNK پشتگیری خۆسەری دیموكراتی لە رۆژاوای كوردستان دەكات و داوا لە هەموو رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستان دەكات كە پشتگیری بكەن. هەروەها داوا دەكات كێشە ناوخۆییەكان بە گفتوگۆ و دیالۆك چارەسەر بكرێن.
6.    KNK پشتگیری لە دەستكەوتەكانی هەرێمی باشوری كوردستان لە باشور دەكات و پێداگری لەسەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان دەكات، وە داوا دەكات كێشە و پرسگرێكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان چارەسەر بكات.
7.    KNK  سیاسەتی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی گەلی كورد و گەلانی تری ئێران مەحكوم دەكات و سیاسەتی زیندانیكردن، ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدانی چالاكوانی سیاسی و سڤیل و كاسبكارانی بژێوی  شەرمەزار دەكات. 
8.    KNK كوشتن و زوڵم و زۆری لەسەر ژنان، وەكو كوشتن و ئەتككردی مرۆڤایەتی دەبینێت. هەموو تاوانێك بەرامبەر بە ژنان شەرمەزار دەكات. داوا لە  هەموو پارت و رێكخراوە سیاسی و سڤیل و كۆمەڵایەتیەكان دەكات كە لە دژی ئەو تاوانكاریانە هەڵوێست وەرگرن و خەباتێكی بێ وچان بكەن.
9.    KNK ئەو دەستدێژیەی كە لە هەولێر  كرایە سەر نووسینگەی KNK شەرمەزار دەكات. جارێكی تر ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەم رەفتارانە بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان ناكەن.
10.    داهاتوو لە دەستی گەنجاندایە. گەنج پاشەرۆژی گەلن. KNK  لە ئاوەدانكردنەوەی كۆمەڵگەیەكی نوێدا رۆڵیكی مەزن دەداتە گەنجانی كوردستان و تاراوگە. لەبەرئەوە داوا لە هەموو دەزگاو دامەزراوەكانی كوردستان دەكا كە سەرنجی تواناكانی گەنجان بدەن و لێیان بە خاوەن دەركەون.
11.    KNK بە پێویستیەكی مەزنی دەزانێ كە زمان و كلتوری كوردی بپارێزرێت و داوا لە گەلی كورد دەكا كە زمان و كلتوری نەتەوەیی پشتگوێ نەخەن.
12.    KNK، رۆڵی میدیا و دەزگا راگەیاندنەكانی كوردستان بە گرنگ دەزانێت، بۆیە هەر دەستدرێژی و پێشێلكاریەك لە بەرامبەری قبوڵ ناكات و داوا لە هەموو میدیاكار و دەزگاكانی راگەیاندن لە كوردستان  دەكات، كە رۆڵی ئەرێنی خۆیان ببینن و بە ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی خۆیان بە جێبگەیێنن. 
13.    KNK دەخوازێ گرنگی بە جیهانی رەوەندی كوردی بدرێت. لە ئەكتیڤكردن و رۆڵبینینی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان. پێویستە تێكۆشان بۆ پێشخستنی دۆزی گەلی كورد و كوردستان لە بواری دیپلۆماسی و دۆستایەتی گەلاندا پەرەپێبدرێ.  
14.    KNK، داوای پاراستنی مافە رەواكانی هەموو نەتەوەكانی تری كوردستان دەكات. هەروەها پێویستە خەڵكی ئاشوری- سریانی- كلدانی نیشتەجێی كوردستان،  وەك هاوبەشی كوردستان سەیر بكرێن. هێرش بۆ سەر ئەوان قبوڵ نەكرێت و پشتیوانی لە خەڵكی ئاشوری- سریانی- كلدانی بكرێت.
15.    KNK، بە توندی كوشتار و زۆڵم و زۆری لە سەر ئێزدییەكان شەرمەزار دەكات. بانگی گەلی كوردستان، هەموو پارت رێكخراوی سڤیل، هەروەها هەردوو دەسەڵاتی باشور و رۆژاوای كوردستان  دەكات كە هاوكاری هەمەچەشنە و پارێزگاریەكی جیدی كۆمەڵگای ئێزیدیەكان بكەن.
16.   KNK سیاسەتی هەڵاوێردن چەوساندنەوەی خەڵكی ئێمەی یارسان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە ئیدانە دەكات. هەروەها داوا لە هەموو هێزە كوردستانیەكان دەكا كە بە جدی پشتیوانی خەڵكی یارسان بكەن.
17.   KNK ئەو سیاسەتی جیاوازی و هەڵاوێردنانەی كە بە تایبەتی لەسەردەمی حوكمی AKP دا دژ بە خەڵكی ئێمەی عەلەوی پەێڕەو دەكرێن شەرمەزار دەكا. داوا لە هەموو هێزە كوردستانیەكان دەكا كە زیاتر بەدەنگ عەلەویەكانی كوردستانەوە بێن و پشتگیریان بكەن.



PM:12:43:03/06/2014