پۆلیسى هەولێر: تۆمەتبارێکی "مەترسیدار" بە چەندین جۆر چەک و مادەى هۆشبەر دەستگیرکرا

پۆلیسی ھەولێر، دەستگیركردنی "تۆمەتبارێکی مەترسیدار" ڕادەگەیەنێت كە بە شەش ماددەی یاسایی تۆمەتبارە و ئێستا دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگا كراوە.

 

ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەشی پۆلیسی ناوشار/ رۆژهەڵات، بنكەی پۆلیسی سەروەران، پاش ئاگاداركردنەوەیان لە بونی چەندین حاڵەتی تەقەكردن و بێزاركردنی هاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێ ژمارە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر و چەند حاڵەتێكی دیكەی شەڕفرۆشتن بە خەڵك و تەعەداكردن لێیان، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێكی تۆكمەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و توانییان شوێنی (تۆمەتبارێكی مەترسیدار) بە ناوی (س.ر.ح) لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك ئاشكرا بكەن و دەستگیری بكەن".

 

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردوە" تۆمەتباری ناوبراو، كە بەپێی ماددەكانی ٤٥٦ و ٤٣٢ و ٤٠٥ ، ٣١ لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە و چوار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرابوون".

 

ئاشکراشیکردووە: لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەکە لە شوێنی حەوانەوەی، دەست بەسەر (152 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ، 421 گرام جامایكا، 35 گرام حەشیش، 78 پارچە حەبی ترامادۆڵ، 6 چەكی جۆری كلاشنكۆف، 7 نارنجۆك، 2 ئۆتۆمبێلی جۆری كیا كادێنزا و نیسان سەنییەكی ژمارە ستاختە)ـدا گیراوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە" تۆمەتبار، دانیناوە بە تاوانەكانیدا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (421) لە یاسای سزادان، راگیراوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە". 



AM:12:10:16/10/2020