لەسەر كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ سێ‌ تۆمەتباری دیكە دەستگیركران

لەبارەی دۆسیەی كوشتنی دوو خوشكەكەی قەزایی چەمچەماڵ سێ تۆمەتبار دەستگیركران كە سەرجەمیان مامی دوو كچە كوژراوەكەن.

 

رەمەك رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوای دۆزینەوەی گۆڕی ئەو دوو خوشكەی لە سنوری قەزای چەمچەماڵ كوژران، لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو دەركەوت تاوانەكە بەتەنها لەلایەن كەسێكەوە نەكراوە".

 

وتیشی" جگە لە باوكی دوو خوشكەكە كە تاوانباری سەرەكی تاوانەكەیە، زانیاری وردمان دەستكەوت كە مامەكانی ئەو دوو خوشكە كوژراوە، دەستیان لەتاوانەكەدا هەبووە، یەكێكیان دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە بەشداری كوشتنی دوو برازەكەی نەكردووە، بەڵام لەشاردنەوەی تەرمەكاندا بەشداربووە".

 

قائیمقامی چەمچەماڵ راشیگەیاند" بۆیە دوای دانپێدانانی ئەو مامەی دوو خوشكە كوژراوەكە، دادوەری لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سێ مامی تری دوو كوژراوەكە دەركرد كە بەشداری تاوانەكە بوون یان بەشێكیان ئاگادار بوون و سەرجەمیان دەستگیركران".

 

ڕەمەك ڕەمەران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هەوڵەكانمان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكه‌ بەردەوامی هەیە و ئەویش دەستگیردەكەین كە باوكی ئەو دوو خوشكەیە، بەڵام پێویستیمان بە كاتی زیاتر هەیە و ناتوانین لەبەر رەوتی لێكۆڵینەوەكانمان هیچ زانیارییەك لەبارەی تۆمەتباری سەرەكی رابگەیەنین لەبارەی شوێنی مانەوەی. 

 

لەسەرەتای مانگی رابردوو تەرمی دوو خوشك دوای دیار نەمانیان بۆماوەی چوار ڕۆژ لە گوندی ئیبراهیم ئاغای سنووری قەزای چەمچەماڵ لە گۆڕستانێكی كۆنی سنوورەكە دۆزرانەوە، دواتر لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە تەرمی ئەو دوو كچە بەخاكسپێردران، هەتا ئێستا باوکی ئەو دوو کچە دیار نییەو نەتوانراوە دەستگیربکرێت کە بە تاوانباری سەرەکی ڕووداوەکە ناودەبرێت.



AM:12:15:20/10/2020