یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕادەگەیەنێت

یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی لەبڕیاری فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەچەند رۆژی داھاتووشدا کاندیدەکانی بۆ وەرگرتنی وزارەتەکان یەکلایی دەکاتەوە.

لەلێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، دکتۆر بەرھەم ساڵح جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: یەکێتی پشتیوانی لەبڕیاری فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھیواخوازیشین فرۆشتنی نەوتەکە ببێتە مایەی خێروخۆشی بۆ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان.

بەرھەم ساڵح ووتیشی: پێویستە بەزووترین کات کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم پێکبھێندریت, چونکە پێکھێنانی کابینەکە کاتێکی زۆری خایاندووەو ماوەی یاسایی بۆ پێکھێنانیشی دیاریکراوەو پێویستە لەچەند رۆژی داھاتوودا سەرجەم حزبە بەشداربووکانی کابینەی حکومەت کاندیدەکانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وزارەتەکان یەکلایی بکەنەوە.

دەربارەی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وزارەتەکانی کابینەی ھەشت د. بەرھەم ووتی: بۆ وەرگرتنی پۆستی وزارەتەکان, یەکێتی چەند کاندیدێکی دەستنیشانکردووە,بەڵام تائێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوەو لەچەند ڕۆژی داھاتوودا کاندیدەکانمان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەکان یەکلایی دەبێتەوە.

سەبارەت بەبەستنی گۆنگرەی چوارەمی یەکێتیش, دکتۆر بەرھەم روونیکردەوە، بەستنی گۆنکرە کارێکی گرنگەو پێویستە لەئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی گۆنگرەی خۆی ببەستێت, بەڵام تائێستا کاتی بەستنی کۆنگرە دیارینەکراوە بەھۆی ئەوەی ماوەیەکی کەمە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوەو سەرجەم کادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیش لە چاوەڕوانی کۆنگریەکی ئازادی دیموکراسیدان, لەپێناو نوێبونەوە و بوژانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.



PM:11:31:03/06/2014