هەوڵی تیرۆکردنی دوو سەرکردەی کورد پووچەڵ دەکرێتەوە


میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویانکردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان سیخوڕێکیان دەستگیرکردوە، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیاوە بۆ تیرۆرکردنی ساڵح موسلیم و ئاڵدار خەلیل پیلانی داڕشتووە.


هەوار نیوز میدیاکانی نزیک لە پەیەدە بڵاویان کردەوە،  سیخوڕێک بەناوی (س . ع) تەمەن 55 ساڵ، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکراوە، دانی بە چەندین پیلانی مەترسیداردا ناوە، کە لەلایەن میتی تورکیاوە بۆی داڕێژراوە.



ئەو میدیایە ئەوەش ئاشکرا دەکات، ئەو سیخوڕە لە سەرەتاکانی شۆڕشدا لەنێو ڕیزەکانی ئاسایشدا بووە و دواتر بوە بەشۆفێری هاوسەرۆکی کۆنسەری بەڕێوبەری خۆبەڕێوبەریی، دوای دەستگیرکردنی دانی بەوەدا ناوە، دوای شەڕی سەرێکانی، چاوی بە سیخوڕەکانی میتی تورک کەوتوە و داوایان لێکردوە، کە کاری سیخوڕییان بۆ بکات.


بە پێی زانیارییەکان، میتی تورکی داوایان لە سیخوڕە کردووە زانیاریان پێبدات لەسەر شوێنی مانەوەی ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەیەدە و ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، هەروەها لەسەر شوێن و ناوەندەکانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیک و خاڵەکانی هەسەدە بە جی پی ئێس شوێنەکانیان ئاشکرا بکات.
 


PM:07:59:22/10/2020