نەبەز گۆران: راوێژكارەكەی سەر بە گۆڕان مۆدێلەكەی فازڵ میرانی دووبارە دەكاتەوە

‌نەبەز گۆران
رۆژنامەنوس نەبەز گۆران لەبارەی ئەو سكاڵایەی كە لەلایەن راوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە لەسەری تۆماركراوە رایدەگەینێت "ئەمانیش هەمان مۆدێلی فازڵ میرانی دووبارە دەكەنەوە".
مەجید ساڵح كە لەگەڵ دەست بەكاربوونی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە وەك راوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمان كاری كرد، لەلایەن رۆژنامەنوس نەبەز گۆرانەوە رەخنەی لێگیراو لە وتارێكدا ئەو رۆژنامەنوسە دۆكیومێنتێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا "مەجید ساڵح بابەتێكی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا نوسیبوو".
لەكاردانەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو دۆكیومێنتەدا، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمان (لەپشكی گۆڕان) مەجید ساڵح، داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنوس نەبەز گۆران تۆماركردو داوای (500) ملیۆن دینار قەرەبوو دەكات.
لەبارەی تۆماركردنی ئەو سكاڵایە لەسەری، نەبەز گۆران لەلێدوانێكدا بە ماڵپەڕی سپی میدیای راگەیاند "ئەو كارەی راوێژكارەكەی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان، دووبارە كردنەوەی هەمان مۆدێلی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی فازڵ میرانیە كە سكاڵای لەدژی رۆژنامەنوسانی ئەهلی تۆمار دەكرد".
مەجید ساڵح، پێشتر لەناو دەزگا راگەیاندنەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا كاری دەكردو لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێمی كوردستانیشدا لە 21/9/2013 كاندیدی ئەو بزوتنەوەیەبوو، بەڵام نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبێنێت، لەگەڵ دەست بەكاربوونی سەرۆكی نوێی پەرلەمانیشدا كە لەپشكی گۆڕانە، وەك راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمان دەست بەكاربوو. 



AM:10:40:04/06/2014