" پێشتر گومرگی جگەرە سەرچاوەی گەورەی داھاتی حکومەت بووە، ئێستا لە باشماخەوە سەرچاوەی گەورەی داھاتی بەرپرسانە."

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت " پێشتر گومرگی جگەرە سەرچاوەی گەورەی داھاتی حکومەت بووەە، ئێستاش لە باشماخەوە سەرچاوەی گەورەی داھاتی بەرپرسانە ."



عەلی حەمەساڵح، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"دۆسیەی قاچاخی جگەرە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین ئەو قاچاخییانەی بەرپرسانی باڵا بەھاوکاری ھێزە ئەمنیەکان دەیکەن. پێشتر گومرگی جگەرە سەرچاوەیەکی گەورەی داھاتی حکومەتی ھەرێم بوە، ئێستاش سەرچاوەی گەورەی داھاتی بەرپرسانە."


پەرلەمانتارەكەی گۆڕان رایگەیاندوە،"ماوەی ١٠ مانگە فایلی قاچاخی جگەرەم خستوەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت، داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کرد، ڕوبەڕو لە پەرلەمان پێموتن، دۆسیەکەم داوە بەداواکاری گشتی، نەک ئەم قاچاخیە کەمی نەکردوە، بەڵکو زیادی کردوە و ئێستا کۆی جگەرە لە باشماخەوە باقاچاخ داخڵدەبێ"


هەروەها دەشڵێت " بە بەراورد بەوکاتەی قاچاخی جگەرە نەدەکرا، تەنیا لە باشماخ  ڕەسمی گومرگی جگەرە لەشەش مانگ ٥٤ ملیۆن دۆلار کەمیکردوە. لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دا، قاچاخ نیە یان زۆر كەمە، بۆیە جگەرەی هاتو لە باشماخ ( ملیۆنێك و ٦٩٢ هەزارو ٢٢٦)  كارتۆن بە فەرمی لە باشماخەوە داخڵ  بوە. شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٩ قاچاخی دەستپێدەكات، ھاتنی جگەرە زۆر كەمدەبێت، ( ٣٢٢ هەزارو ٥٧٢) كارتۆن داخڵی هەرێمی كوردستان بوە".

 

 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتەڕوو ،"داھاتی گومرگی جگەرە بەھۆی قاچاغی تەنیا لە باشماخ، ( ٥٤ ملیۆن و ٧٨٦هەزارو ٨٠) دۆلار كەمیكردوە. ئێستا ئەم بڕە زۆر زیاتری کردوە و مانگی ١٠ ملیۆن دۆلار تەنیا لە باشماخ زیانی داوە."

 

 
ئاشكراشیكردوە،"قاچاغچیەکان لە بازاڕی دۆلارەکە و بازاڕی جگەرەکە نوسینگەیان ھەیە، بازرگانەکانی جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگی بۆیان داغڵدەکرێت، ژمارەی بارھەڵگری جگەرە قاچاخەکە دەدرێتە ھێزە ئەمنیەکانی دەروازەی باشماخ و سەرجەم بازگەکان تەنسیقی بۆ دەکرێت".

 


عەلی حەمەساڵح تەئكیدیكردوەتەوە،"ئێستا ١٠٠% جگەرە لە باشماخە و بەقاچاخ دەھێندرێتە ژور، تەنیا ئەو جگەرەیە نەبێت، بەرەو ناوەڕاستی عێراق دەچێت و لە بازگەی عێراق داوای مەنەفێست دەکەن و لە بازگەی ھەرێم داوای مەنەفێست ناکەن. چی دیکە پێویست ناکات بەرپرسانی باڵای حیزب و حکومەت بێنە سەرشاشە و بڵێن: لە خەمی موچەی خەڵکداین و دەمانەوێت چاکسازی بکەین، ئەوە ئێوەن خۆتان قاچاخی دەکەن و داھاتی وڵات دەبەن و ناھێڵن گرفتی موچە چارەسەرببێت"


ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان راشیگەیاندوە،"بەرپرسە یەکەمەکان خەریکی قاچاخی ترێ و ھەنارو جگەرو ئۆتۆمبیل و ھێلکە بن، مانگانە حەجمی قاچاخی و کۆمپانیاکاری لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان نزیکەی ١٧٠ملیار دیناربێت، زیاتر لە حەوت مانگە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری چاککردنی دابێت، لەبری چاککردن خراپتر بوە. یەکێك لە بیانوە ناشیرینەکانی بەشێک لە بەرپرسان و کادرە حیزبیەکانیان ئەوەیە: ئێمەش قاچاخی نەکەین داھاتەکە ھەر دەدزرێت".

 

 
ئێستا مانگانە لە داھاتی ناوخۆی نا نەوتی ١٢٠ ملیار دینار دەدرێتە موچە. خەرجی نەخۆشخانە و زیندان و سەرجەم فەرمانگەکانیش لە داھاتی ناوخۆیە
دەشڵێـت،"ئەم قسەیە ڕاست نیە، ئێستا مانگانە لە داھاتی ناوخۆی نا نەوتی ١٢٠ ملیار دینار دەدرێتە موچە. خەرجی نەخۆشخانە و زیندان و سەرجەم فەرمانگەکانیش لە داھاتی ناوخۆیە، ئەگەر ئەم قاچاخی و گەندەڵی خاڵە سنوریانە نەبا ئەم بڕە بەشێوەیەکی وا زیادی دەکرد لێبڕینی موچە نەدەما. واتە: ئەوە بەرپرسە قاچاخچیەکانن موچەی خەڵک دەبڕن."


لە كۆتاییدا رایگەیاندوە،"ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە بزوتنەوەی گۆڕانیش بڕیاری پێویست لەم بەشداری حکومەتە بدات، ئێمە بۆ ببینە ھاوڕێگای ئەمانە بەبەرچاومانەوە سامانی میللەت دەدزن و تاڵانی دەکەن".

 


PM:08:56:01/11/2020